لە دوای واشنتن، زەیدی بەرەو کوێ دەڕوات؟
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاڕاستەی نوێی زەیدی دوای سەردانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات.
بەپێی نوێترین لێدوانەکانی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا، بڕیارە سەردانی دوو وڵاتی دراوسێی دیکە بکات بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و کەمکردنەوەی ئەو گرژییەی لە ناوچەکەدا هەیە.
ئەمڕۆ حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، بەم نزیکانە سەردانی کۆماری ئێران و وڵاتی تورکیا دەکات.
عەبوودی ڕوونی کردەوە، سەردانەکانی زەیدی لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەتی عێراقدا دێن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ هێورکردنەوەی گرژییە ناوخۆیییەکان و ئەو گرژیانەی لە ناوچەکانی دەوروبەردا هەن.
سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی چەکی میلیشیاکان، گوتەبێژی حکومەت گوتی: "ئەم بابەتە دۆسیەیەکی سەروەریی عێراقییە و بەپێی دەستووری عێراق ئەنجام دەدرێت، هیچ لایەنێک یان وڵاتێکی دەرەکی کاریگەریی لەسەر ئەم بابەتە نابێت".
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای بانگێشتی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 13ی تەمووزی 2026دا سەردانی واشنتنی کرد، لەوێ لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و لەسەر چەندین بابەتی گرنگی وەک نەوت، کۆمپانیا بازرگانییەکان، بانکەکانی عێراق و دۆسیەی گەندەڵی گفتوگۆیان کرد.
لەلایەکی دیکەوە، تاران گلەیی لە زەیدی کرد بەوەی کە پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا سەردانی تارانی نەکردبوو. هەروەها ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر گفتوگۆکانی زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و سنووردارکردنی گرووپە چەکدارەکان، میدیاکانی نزیک لە تاران ئەم هەنگاوەی بەغدایان وەک نزیکبوونەوە لە ئەمریکا و دوورکەوتنەوە لە ئێران لێک دایەوە.