واشنتن پۆست: ئەمریکا پلان بۆ هێرشی زەمینی دادەڕێژێتەوە
بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری لە هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران دەدەن؛ بزانە ئەمریکا بەنیازی چییە
ژمارەی قوربانییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە بەرزبوونەوەدایە، وڵاتەکە هێزی زیاتر دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشبینی هێرشی زەمینی دەکرێت.
واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە گفتوگۆگاکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەمریکا خۆی بۆ کاروانی هێرشێکی دیکەی فراوان لە دژی ئێران ئامادە دەکات، بەڵام هۆشداریشیان داوە لەوەی کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا سنوور دەبێت، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی یەدەگی بەرگری ئاسمانی، چەکی دوورهاوێژ، سنووردارکردنی ژمارەی سەرباز و فڕۆکەی دیکە بۆ ناوچەکە بەهۆی زیانەکانی جەنگەوە.
ئەم بەرپرسەی ئەمریکا لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "ئێمە چەک و تەقەمەنی یەدەگ و پێویستمان لە ناوچەکە نییە تا بتوانین ئۆپەراسیۆنێکی دووروو درێژ بەڕێوەببەین، وە پێموانییە کۆشکی سپی ئاگاداری ئەم هۆکارە بێت." بەگوێرەی هەندێک شارەزایی سەربازی ئەمریکی، سەرەڕای ئەو زیانانەی بەر هێزەکانی ئەمریکا کەتوون لە ناوچەکە، ئەمریکا ئامادەی ناردنی هێزی زەمینی نییە بۆ نێو ئێران.
سێس جۆنز، سەرۆکی بەشی بەرگری و ئاسایش لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی واشنتن لەبارەی پلانەکەوە دەڵێت: "هەڵەیەکی گەورەیە ئەمریکا هێزی سەربازی لە دوورگە و کەناراوەکانی نزیک گەرووی هورمز دابنێت، پێموانییە وڵاتەکە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بێت لەم ناوچانەدا."
لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، ئەمریکا دەیان فرۆکەی دیکەی ناردووەتە ئیسرائیل و بنکەی سەربازی 'ئەل عودەید' لە قەتەڕ. دوو بەپرسی ئیسرائیلی و ئەمریکی بە کەناڵی KANـی ئیستائیلییان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە لەم قۆناغەی جەنگدا بەشدار نەبێت و پلانیشی بۆ فراوانترکردنی هێرشەکانی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو داڕشتووە.
چڕکردنەوەی توانا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدایە، هەشت ڕۆژی بەردەوامە ئێران و ئەمریکا بەبیانووی "پێشێلکردنی ئاگربەست" دەستیان بە هێرش و بۆردوومان لە دژی یەک کردووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، دوێنێ سەربازێکی ئەمریکی لە باکووری عێراق لە کاتی کارکردن لەسەر تەقاندنەوەی کۆنترۆڵکراوی تەقەمەنی نەتەقیوی درۆنێکی ئێرانی کە خرابووە خوارەوە، گیانی لەدەستدا. سەربازێکی دیکەش بریندار بوو و بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
بەم ڕووداوەی دوێنێ شەوەوە، ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئەمریکی لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوودا بۆ 17 سەرباز بەرزبوویەوە. شەش سەرباز لە 1-3-2026 بە هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئێران لە کوەیت کوژران و چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، ئەفسەرێکی ئەمریکی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
شەش قوربانییەکەی دیکەش لە 12-3-2026 کوژران، ئەو کاتەی فرۆکەیەکی جۆری KC-135 سترەیتۆتانکەر لە ڕۆژئاوای عێراق تێکشکا، بەگوێرەی زانیاریییە ئەمنییەکان، ڕووداوەکە بەهۆی هێرشی دوژمنەوە نەبوو، ئەمەش جگە لە کوژرانی دوو سەربازی دیکە لە ئوردن و گیان لەدەستدانی سەربازێکی دیکەش بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێک لە ماوەکانی ڕابردوودا.