Banner
پایتەخت

پەیامی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و لایەنە سیاسییەکان

پەیامی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و لایەنە سیاسییەکان
کورتە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی باڵندا – بارزانی کردەوە و لە گوتارێکدا چەند پەیامێکی گرنگی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان و بەغدا کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ململانێکانی ناوچەکە و داواشی کرد، هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێم ڕابگیرێت و داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد، ئەم دۆخە هەستیارە لەبەرچاوبگرن و پەرلەمانی کوردستان کارابکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەمموزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی باڵندا - بارزانی کردەوە و لەمیانەی گوتارێکدا ڕایگەیاند، کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنەکانی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد گرنگی بە پاراستنی ژینگە و بەفیڕۆنەدانی ئاو بدەن وەک سەرچاوەی سەرەکیی ژیان.


سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی.

هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە ئاستێکی زۆر باشدان و پشتیوانیی حکومەتی عەلی زەیدی دەکەن. لە هەمان کاتدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە دەستوور بێ جیاوازی جێبەجێ بکات و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.

مەسرور بارزانی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ئەو هەڵمەتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و ڕایگەیاند: "ئێمە بەشێک بووین لە پاڵپشتی لەو پرۆسەیە و پشتیوانیش دەبین لە پاراستنی دۆخی ئەمنی و سیاسی لە عێراق."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و ڕەخنەی لە هەبوونی ڕێگرییەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە گرت و ڕایگەیاند، هاووڵاتییان زەرەرمەندی یەکەمی ئەم دۆخەن. داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد ئەگەر ڕاستگۆن و لە خەمی خەڵکدان، پێکەوە کار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کردەوە، بۆ ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران و داوای کرد لایەنەکانی دیکەش بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی کەسییەوە و رێگە نەدەن پەرلەمان ببێتە بارمتە لەپێناو بەرژەوەندی هیچ لایەنێک.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی دۆخی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش زیانی بەرکەوتووە. ڕاشیگەیاند کە هێرشەکانی سەر هەرێم هیچ پاساوێک هەڵناگرن و دەبێت بە زووترین کات بوەستێندرێن، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە و ئاشتی تاکە ڕێگەیە.

19 تەمموز 2026 13:16
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026