ئەندرو تەیت و براکەی دەستگیر کرانەوە
ئەندرو تەیت و تریستن تەیتی برای جارێکی دیکە بە چەندین تۆمەتی جیاواز دەستگیرکران.
لەسەر داوای دادگای بەریتانیا، هەردوو برا بازرگانە بەناوبانگە بەریتانییەکە بە چەندین تۆمەتی جیاواز لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەستگیر کران.
ئەمڕۆ برادی مەکرۆن، گوتەبێژی دەزگای هێزی مارشاڵی ئەمریکا بە ئاژانسی AP ڕاگەیاند، ئەندرو تەیت و تریستن تەیت، هەردوو برا بەناوبانگەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەپێی بڕیاری دەستگیرکردنی نهێنی، لە ویلایەتی مایامی لە فلۆریدای ئەمریکا دەستبەسەر کران.
دواتر دادگای بەریتانیا ئاشکرای کرد، کە داوای لە ئەمریکا کردووە هەردوو برا دەستبەسەرکراوەکە ڕادەست بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دادگای بەریتانیا، چونکە بە ژمارەیەک تۆمەت تاوانبار کراون؛ لەوانە: بازرگانی بە مرۆڤ، دەستدرێژی و هەڕەشەی سێکسی، لەگەڵ هەندێک تۆمەتی تر کە پەیوەندیدارە بە وێنەی نەشیاو لەسەر منداڵان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی AP، ئەم تۆمەتانە بۆ ساڵەکانی 2010 تا 2017 دەگەڕێنەوە، کە گوایە لە باکووری شاری لەندەن ڕوویان داوە؛ پارێزەرەکەی دوو براکە هەموو تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت هەردوو براکە بێتاوانن.
ئەندرو تەیت و تریستن تەیت دوو برای بەرەگەز بەریتانی-ئەمریکین؛ هەردوو برا سەرەتا یاریزانی وەرزشی کیکبۆکسینگ بوون، بەڵام دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی بابەتە کۆمەڵایەتی و کاروباری بازرگانییەکان، وە بەهۆی بیروڕا جیاوازەکانیانەوە ناوبانگێکی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدەست هێنا.
پێشتریش لە ساڵی 2022، هەردوو براکە لە ڕۆمانیا دەستگیر کران و دادوەری ئەو وڵاتە بە تۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤ، دامەزراندنی تۆڕێکی تاوانکاری و چەند تۆمەتێکی تری پەیوەندیدار تاوانباری کردن، بەڵام هەردووکیان هەموو تۆمەتەکان ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن بێتاوانن.