Banner
پایتەخت

مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکی ستراتیجی ئاو دەکاتەوە

مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکی ستراتیجی ئاو دەکاتەوە
کورتە

زیاتر لە 35 هەزار کەس لە 53 گوندی قەزاکانی ئاکرێ، مێرگسۆر و خەلیفان لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی ستراتیجیی ئاو لە 53 گوندی قەزاکانی ئاکرێ، مێرگەسۆر و خەلیفان دەکاتەوە، کە بە گوژمەی 138 ملیار و 500 ملیۆن دینار، بە تەواوی لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەمموزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی کاروانی ئاوەدانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری لە دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ستراتیژی ئاو لە گوندەکانی قەزاکانی ئاکرێ، مێرگسۆر و خەلیفان دەکاتەوە.

ئەم پڕۆژە گەورەیە لەسەر ڕووباری ڕوویێ شین بنیات نراوە و ئاوی پاکی خواردنەوە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی لە 53 گوندی ناوچەکە دابین دەکات و کێشەی کەمئاوی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەکات.

تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە پێکدێن لە توانای پاڵاوتنی 1200 مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا، لەگەڵ ڕاکێشانی تۆڕێکی فراوانی گواستنەوەی ئاو بە درێژایی 540 کیلۆمەتر و دروستکردنی پێنج کۆگەی گەورە و 54 کۆگەی بچووک بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو بەسەر ماڵاندا.

پڕۆژەکە لە ساڵی 2013 بەردی بناغەکەی دانرا، سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان و پەتای کۆرۆنا، لە ساڵی 2022ـدا دووبارە کارەکانی خێراکرانەوە، ئێستا بە تەواوی کەوتووەتە گەڕ و کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە دەهێنێت.

ئاوی پڕۆژەکە لە ڕووباری گوندی باڵندا لە قەزای مێرگەسۆر دابین دەکرێت، کە وێستگەی پاڵاوتنیش لە هەمان گوند جێگیرکراوە کە سێ وێستگەی سەرەکیی پاڵپێوەنان لەخۆدەگرێت کە لە 24 پەمپ و 70 کۆگای ئاو بە قەبارەی جیاواز لە 100 بۆ 8000 مەتر سێجا، پێکهاتووە.

درێژیی هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوەی لەم پرۆژەیە نزیکەی 220 کیلۆمەترە و درێژیی تۆڕی ناوخۆیی گوندەکانیش زیاتر لە 320 کیلۆمەترە.

تەواوکردنی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە دەبێتە هۆی هاندانی گوندنشینان بۆ مانەوە لە زێدی خۆیان و ڕێگری لە کۆچکردن دەکات و زەمینەیەکی گونجاویش بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت.

19 تەمموز 2026 10:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026