Banner
پایتەخت

پڕۆژە ستراتیژییەکان کۆتایی بە قەیرانی کەمئاوی دەهێنن

پڕۆژە ستراتیژییەکان کۆتایی بە قەیرانی کەمئاوی دەهێنن
کورتە

کابینەی نۆیەم لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی ستراتیژییەوە کۆتایی بە قەیرانی کەمئاوی دەهێنێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ بنبڕکردنی کێشەی کەمئاوی و دابینکردنی ئاوی خاوێن، کار لەسەر جێبەجێکردنی چەندەی پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە نوێترین پڕۆژەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ستراتیجیی ئاو لە گوندەکانی قەزاکانی مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان جێبەجێ کرد، کە بە گوژمەی 138 ملیار و 500 ملیۆن دینار، بە تەواوی لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ کراوە.

ئەم پڕۆژە گەورەیە لەسەر ڕووباری ڕوویێ شین بنیات نراوە و ئاوی پاکی خواردنەوە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی لە 53 گوندی ناوچەکە دابین دەکات و کێشەی کەمئاوی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەکات، کە توانای پاڵاوتنی 1200 مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا هەیە. لەگەڵ ڕاکێشانی تۆڕێکی فراوانی گواستنەوەی ئاو بە درێژایی 540 کیلۆمەتر و دروستکردنی پێنج کۆگەی گەورە و 54 کۆگەی بچووک بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو بەسەر ماڵاندا.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا دێن کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەرنجێکی تایبەت خراوەتە سەر کەرتی ئاو، بە شێوەیەک کە ئێستا لە ڕێگەی 25 وێستگەی پاڵاوتن، 4946 بیر و 536 کانییەوە، ڕۆژانە دوو ملیۆن و 564 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر ملیۆنێک و 181 هەزار هاوبەشدا دابەش دەکرێت.

پێشتریش ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، کە بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی ستراتیژی لە ناوچەکانی سۆران، خەبات و کەلار بە گوژمەی زیاتر لە 500 ملیار دینار، دەستیان پێ کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە وردەکاریی دارایی و تەکنیکیی ئەم پڕۆژە نوێیانە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاشکرای کرد، پڕۆژەی ئاوی کەلار بە گوژمەی 150 ملیار دینار و بە توانای بەرهەمهێنانی 5000 مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا جێبەجێ دەکرێت، لەکاتێکدا پڕۆژەی ئاوی سۆران بە گوژمەی 157 ملیار دینار و بە توانای 3000 مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا دەچێتە قۆناغی کارکردنەوە.

پڕۆژەی سێیەمیش تایبەتە بە قەزای خەبات و دەورووبەری کە زیاتر لە 40 گوند و ناحیەکانی تۆپزاوا و کەورگۆسک دەگرێتەوە، تواناکەی 4000 مەتر سێجا ئاوە لە کاتژمێرێکدا و تۆڕێکی فراوان بە درێژایی 250 کیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت.

یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەم کابینەیەش پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بوو کە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا تەواو کرا و بە توانای 480 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، کێشەی کەمئاویی پایتەختی بۆ 30 ساڵی داهاتوو بەتەواوی چارەسەر کرد، هاوكات لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کە ڕۆژانە 72 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات.

لەلایەکی دیکەوە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی دیکەی ئاو لە بواری جێبەجێکردندان، لەوانە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە لە چەمچەماڵ کە 31%ی جێبەجێ کراوە، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کە گەیشتووەتە 65% و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان.

ئەمە وێڕای داڕشتنی پلانی داهاتوو بۆ هێڵەکانی دیکەی وەک هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان بۆ سلێمانی، ئاوی بەردەڕەش، کۆیە و پڕۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی قورس لە هەولێر.

یەکێک لە کاریگەرییە ژینگەیی و زانستییەکانی ئەم پڕۆژە ستراتیژیانەش، کوژاندنەوە و داخستنی نزیکەی 900 بیری ئاو لە شاری هەولێر و 109 بیر لە سنووری قوشتەپەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە مەترسی لەسەر بوو.

سەبارەت بە ئاستی بەکاربردن و تێچووی دارایی، داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەریانخستووە کە سەرەڕای ئەوەی پێداویستیی ڕاستەقینەی هەر تاکێک لە هەرێمدا تەنیا 181 لیترە لە ڕۆژێکدا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕا 350 لیتر ئاوی پاک بۆ هەر کەسێک دابین دەکات.

ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە زۆر بەرزترە، چونکە بەکارهێنانی ڕۆژانەی ئاو بۆ هەر تاکێک لە تورکیا 150 بۆ 200 لیترە، لە سووریا 120 بۆ 180 لیتر، لە سعودییە 250 بۆ 300 لیتر، لە ئوردن 80 بۆ 120 لیتر، لە میسر 130 بۆ 200 لیتر و لە لوبنانیش 150 بۆ 200 لیترە، ئەمەش نیشانەی بەفیڕۆدانی زۆری ئاوە لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

لە ڕووی داراییەوە، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئاوی پاک ساڵانە نزیکەی 500 ملیار دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بەڵام لەبەرانبەردا داهاتی ساڵانەی کۆکراوەی ئاو تەنیا 60 ملیار دینارە.

19 تەمموز 2026 09:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026