ڕاگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر
لە ئەنجامی دەمەقاڵێ و تەقەکردن لە هەولێر هاووڵاتییەک بریندار بوو.
دەمەقاڵێ و شەڕی نێوان دوو لایەن لە بازاڕی زێڕنگەرانی شاری هەولێر برینداربوونی هاووڵاتییەکی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، لە بازاڕی قەیسەریی زێڕنگەران بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی کۆنەوە، دەمەقاڵێ و شەڕ لە نێوان دوو لایەندا ڕووی داوە و لە ئەنجامی تەقەکردنیشدا هاووڵاتییەک لە نێوانیاندا بریندار بووە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێر، هێزەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هەردوو لایەنی شەڕەکەیان دەستگیر کردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر پەڕاوی یاسایی بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە.