Banner
پایتەخت

ترەمپ هەڕەشەی داخستن لە کەناڵە گەورەکانی ئەمریکا دەکات

ترەمپ هەڕەشەی داخستن لە کەناڵە گەورەکانی ئەمریکا دەکات
کورتە

چی بەسەر کەناڵە گەورەکانی ئەمریکا دا دێت؟ بزانە سەرۆکی ئەمریکا بە نیازی چییە

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن لە چەندین تۆڕی تەلەڤزیۆنی گەورەی وڵاتەکەی دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو کەناڵانە ڕەتیان کردەوە وتارە نوێیەکەی لە کاتی لووتکەی بینیندا لە شاشە سەرەکییەکانیانەوە پەخش بکەن.


ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، هەردوو تۆڕی ئێن بی سی و ئەی بی سی، لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، وتارەکەی شەوی پێنجشەممەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان لە کەناڵە سەرەکییەکانیانەوە پەخش نەکردووە، کە تێیدا جەختی لەسەر ئاسایشی هەڵبژاردنەکان کردەوە.


ترەمپ لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، ئەو کەناڵانە هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە و کارێکی لەو شێوەیە دەری دەخات کە شایستەی مانەوەی مۆڵەتەکانیان نین.


لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئەو کەناڵانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە وتارەکەیان تەنها لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ڕادیۆ و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکانەوە گواستووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەراورد بە شاشە گشتییەکان، ژمارەیەکی زۆر کەمتری بینەریان هەیە و هەندێکیان تەنها بە پارە بەردەستن.


ئەم ململانێیە لە کاتێکدایە کە تەنها 4 مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ماوە و گرژییەکانی نێوان کۆشکی سپی و میدیاکان تووندتر بووەتەوە.


تۆڕەکانی ئێن بی سی و ئەی بی سی لە مێژووی میدیای ئەمریکادا بە دوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پەخشی تەلەڤزیۆنی دادەنرێن، کە مێژووەکەیان بۆ ناوەڕاستی سەدەی 20 دەگەڕێتەوە.


کەناڵی سی ئێن ئێن یەکەم دەزگای میدیایی بوو کە لە ساڵی 1980 شێوازی پەخشی هەواڵی 24 کاتژمێری داهێنا، ئەم دەزگایانە لە جیهاندا وەک سەرچاوەی سەرەکیی زانیاری دەناسرێن، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی ناو ئەمریکا، بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە و فشاری تووند بوونەتەوە.

18 تەمموز 2026 17:01
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026