عەلی حەمە ساڵح: کوڕانی تاڵەبانی ملیارەها دینار لە داهاتی گشتی سلێمانی دەبەن
داهاتی گشتی سلێمانی چی بەسەر دێت؟ هەموو شتێک ئاشكرا بوو
عەلی حەمە ساڵح کوڕانی تاڵەبانی بە دزینی داهاتی گشتی سلێمانی تۆمەتبار دەکات و تێوەگلانی هێزە ئەمنییەکان لەو پڕۆسەیە ئاشكرا دەکات.
ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، خاڵی گومرگی لە دەروازەی سنووری باشماخ بەکردەیی نەماوە و لە بەرامبەردا هێڵێکی نافەرمی بازرگانی لەژێر ناوی 'تەنسیق' بە شێوەیەکی بەرفراوان کراوەتەوە.
عەلی حەمە ساڵح پەیامێکی تووند ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە داهاتی مانگانەی ئەم دەروازەیە لە زەمەنێکدا زیاتر لە 30 ملیار دینار بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی هاندانی بازرگانان بۆ بەکارهێنانی هێڵی نافەرمی کە تێچووەکەی زۆر کەمترە، داهاتی فەرمی بەرەو نەمان چووە. بە گووتەی خۆی، لە کاتێکدا تەنها 3 ئۆتۆمبێل لە هێڵی فەرمی گومرگدا وەستاون، زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە هێڵی نافەرمی 'تەنسیق' کارەکانیان ڕادەپەڕێنن و کەلوپەلی جۆراوجۆری وەک خۆراک، کەلوپەلی ناوماڵ و جگەرە دەگوازنەوە.
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ئەوەشی ئاشكرا کردووە، کە هێزە ئەمنییەکان بوونەتە پاسەوانی ئەم پرۆسەیە، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ملیارەها دینار لە داهاتی گشتی سلێمانی.
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دەکەوێتە قەزای پێنجوێن و لە ڕابردوودا سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی داهاتی ناوخۆیی و جووڵەی بازرگانی بووە بۆ پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری.