سوپای پاسداران: دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بە مین تەقینەوە
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران فراوانتر دەبێت؛ دوو کەشتی نەوتهەڵگر تەقینەوە.
بۆیەکەمجار دوو کەشتی نەوتهەڵگر بە ناوچە مینڕێژکراوەکانی گەرووی هورمزدا تێپەڕین و تەقینەوە، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکاش دەنگۆیەکان ڕەت دەکاتەوە.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، دوو کەشتی بازرگانی لەلایەن هەواڵگری ئەمریکاوە فریدراون تا بە ناوچە مینڕێژکراوەکانی باشووری گەرووی هورمز تێبپەڕن، بەڵام گڕیان گرت و تەقینەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێراندا هاتووە، هێزەکانیان 4 کەشتیی تریان لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز راگرتووە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی کەشتییەکان یان هۆکاری راگرتنیان ئاشکرا بکات.
سوپای پاساداران جەختی کردەوە، کە بۆ پاراستنی سەرمایە و ژیانی کارمەندانی سەر کەشتییەکان، پێویستە لەلایەن هەواڵگری ئەمریکاوە فریو نەدرێن و بە ناوچە مینڕێژکراوەکانی گەرووی هورمزدا تێنەپەڕن.
لەبەرامبەر ڕاگەیەنەدراوەکەی سوپای پاسداران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەنگۆی تەقینەوەی کەشتییەکانی ڕەت کردەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەتید فرانس پرێس، پێشووتر ئێران ئاگاداری کەشییە بازرگانییەکانی کردووەتەوە تا تەنیا ڕێڕەوی نزیک کەناراوەکان لە باکووری گەرووی هورمز بەکاربهێنن، نەک ناوچەکانی باشوور کە ئەمریکا هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدات.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەیەکە هێرشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیانپێکردووەتەوە، دوێنێ شەو سوپای ئەمریکا شارەکانی بەندەرعەباس، بووشەهر، ئەهواز، قشم و سیریک لە باشووری ئێرانی بۆردوومان کرد، ئێرانیش لەبەرامبەردا هێرشی کردە سەر بنکەی عەلی سالم لە کوێت و کۆگەی سووتەمەنیی سوپای ئەمریکا لە ئوردن.