هێگسەس: دەبێت ڕێژەی هۆڕمۆنی تێستێستڕۆنی سەربازەکان زیاتر بکرێت
پڕۆگرامە تەندروستییە نوێیەکەی پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا چییە؟ بزانە داوای چی لە سەربازان دەکات
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەست بە پەیڕەوکردنی پڕۆگرامێکی تووندی تەندروستی بۆ سەربازەکانی دەکات، تا ڕێگری لە کەمبوونەوەی ڕێژەی 'هۆڕمۆنی تێستێستڕۆن' لە لەشیاندا بکات.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدۆییدا ڕایگەیاند: "پەسندی پڕۆگرامێکی چاودێریکردنی 'هۆڕمۆنی تێستێستڕۆن' دەکەم، تا دڵنیابینەوە لەوەی سەربازەکانمان تێستێستڕۆنی پێویستیان لەلەشدایە، بەمەش تا بتوانن لە باشترین ئاستادا خزمەت بکەن."
لە درێژەی قسەکانی دا، هێگسەس گووتی: "مەیدانی جەنگی مۆدێرن، دڕندە و بێبەزەییە، پێویستی بە ئامادەییەکی دەروونی بەهێز هەیە،
بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی ئەم نیشانە تەندروستییانە، ئێمە سەربازەکانمان لە لووتکەی توانای جەنگیدا دەهێڵینەوە و بە هەمان ئەو ئاستە پاڵپشتییان پێشکەش دەکەین، کە چۆن ئەوان پێشکەشی نیشتمانی دەکەن."
جێ باسە پێشووتر ئیدارەی ترەمپ سەرکۆنەی بەکارهێنانی هۆرمۆنەکانی بۆ سەربازە 'ڕەگەزگۆڕاوەکان' کردبوو، وەک تێستێستڕۆن و ئێسترۆجین و بە "شێواندنی کیمیایی و نەشتەرگەری" وەسفی کربوو، بەڵام ڕاگەیەندراوەکەی هێگسەس ئاماژەی بەو هەڵوێستەی ئیدارەی ترەمپ و 231 هەزار ژنە نەداوە، کە لە خزمەتی چالاکی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکادان.
هۆڕمۆنی تێستێستڕۆن بەشێوەیەکی سەرەکی لە جەستەی پیاواندا زیاترە (لەبەر ئەم هۆکارەشە، بە هۆڕمۆنی نێرینە ناسراوە)، قەبارەی ماسولکە، هێزی ئێسک، حەزی سێکسی و ڕێکخستنی باری دەروونی بەشێکن لە فەرمانەکانی تێستێستیرۆن لە جەستەدا، بۆیە کەمی رێژەی ئەم هۆرمۆنە لە لەشی پیاوێکدا، دەکرێ دووچاری کۆمەڵێک گرفتی بکات، وەک: زیادبوونی چەوری لەش و فشەڵبوونی ئێسکەکان، نەمانی حەز و لاوازیی توانای سێکسی، گرفتی دەروونی و بیرکردنەوە، هەڵوەرینی قژ و مووی جەستە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشكرای کردبوو، کە وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا گلەیی لە پابەندبوونی سەربازان بە ستانداردی شێوازی دەرکەوتن، ڕێکوپێکی و دیسیپلن کردووە، بەشێوەیەک کە تەنانەت تا ئێستاش سەربازی قەڵەو و کورت باڵا دەبینێت.