25 ملیار دینار و 200 هەزار دۆلار دەستیان بەسەردا گیرا
لە ئۆپەراسیۆنێکی نوێدا، بڕە پارەیەکی زۆر و زێڕێکی زۆری دیکەی بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق دەستی بەسەردا گیرا
لە عێراقدا تا دێت تاوانەکانی گەندەڵکاران زیاتر ئاشکرا دەبن و دەست بەسەر سەروەت و سامانە دزراوەکانیاندا دەگیرێت. ئەمڕۆ دادگای ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵێک پارە و زێڕی دیکەی گەندەڵکارێکی گەورەی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشكرای کرد، لە نوێترین لێکۆڵینەوەدا لە دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت، لە شاری تکریتدا دەست بەسەر 25 ملیار دینار، 200 هەزار دۆلار و 4 کیلۆگرام زێڕی دیکەدا گیراوە.
ئەم پارە زۆرە لەناو دەبەی ئاو و تورشیدا لە پشت دیوارێک لە یەکێک لە ماڵەکانی جومەیلیدا شاردرابوویەوە، بڕێکی دیکەشی وەک ئەمانەت لەلایەن کەسێکی نزیکی ناوبراوەوە هەڵگیرابوو. بەمەش تا ئێستا کۆی گشتی ئەو پارانەی لە دۆسیەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتدا دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 167 ملیار دینار، 25 ملیۆن دۆلار، 380 کیلۆگرام زێڕ، 9 موڵکی بازرگانی، 3 کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد و چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها.
عەدنان جومەیلی، سیاسەتمەدارێکی عێراقییە و دکتۆرای لە بواری یاسادا هەیە. ناوبراو پێشتر ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنبار بووە، دواتر لە سەردەمی حوکمڕانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقدا، لە وەزارەتی نەوت وەک بریکاری وەزیر بۆ کاروباری پاڵاوتن کاری کردووە و لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026دا بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵییەوە دەستگیر کرا.