Banner
پایتەخت

ئێران هەڕەشەی نوێ دەکات

ئێران هەڕەشەی نوێ دەکات
کورتە

دوێنێ شەو چی ڕوویدا؟ ئەگەری دروسبوونەوەی جەنگێکی فراوان لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە.

ئێران هەڕەشەی وەستاندنی هاتووچۆی وزە دەکات و ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی دوێنێی شەوی ئەمریکای بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێگەی ئەسۆشیەتید پرێس ڕایگەیاند، ئەم بەرەبەیانە لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی دەیانەوێت بە گەرووی هورمزدا تێبپەڕن، سوپای ئەمریکا دووبارە گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێران دا  سەپاندەوە.

لەلایەکی دیکەوە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشكرای کردووە، کۆتاییان بە زنجیرە هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران هێنا و تێیدا چەندین پێگەی سەربازیی وڵاتەکەیان لە نزیک گەرووی هورمز کردە ئامانج. لەکاتی ئەم هێرشانەشدا لە میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڤیدیۆی هێرشی درۆنی و مووشەکی ئێران بۆ سەر کۆگەیەکی لۆجیستی 'ئەمریکا' لە کوێت و  فڕۆکەخانەی سەربازیی شا فەیسەڵ لە ئوردن بڵاوبوویەوە.

دوای ئەم هێرشانە، وەزارەتی تەندورستی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا دوو ئافرەت گیانیان لەدەستدا و 260 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی چواری ئەمساڵ گەمارۆی سەربازیی بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاند و دواتر لە ناوەڕاستی مانگی شەش گەمارۆکانی هەڵگرت ڕۆژێک بەر لە واژۆکردنی 'یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان'، کە مۆڵەتێکی 60 ڕۆژەی بە هەردوولا دەدا تا دانوستان لەسەر چەند پرسێک بکەن، وەک چەکی ئەتۆمی ئێران، بەڵام گفتوگۆکان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو وەستان و گرژی و ئاڵۆزییەکان بەیانووی "پێشێلکردنی ئاگربەست" لەلایەن هەردوو وڵاتەوە دەستیان پێکردووەتەوە.

لەلای خۆیەوە سوپای پاسداران لە وەڵامی گەمارۆکانی ئەمریکا هەڕەشەی وەستاندنی سەرجەم هاتووچۆی وزە بۆ جیهان دەکات.

15 تەمموز 2026 10:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026