ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
لە ماوەی سێ ڕۆژدا مووچە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات، بەپێی خشتە فەرمییەکە، پرۆسەکە لە ماوەی سێ ڕۆژدا و بە شێوازی کاش و ئەی تی ئێم ATM دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ لە یەکەم ڕۆژی پرۆسەکەدا، مووچەی 20 شوێن دابەش دەکرێت کە بریتین لە: خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە، زیندانە سیاسییەکان و بەرکەوتوانی کیمیاباران، کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە، تەندروستی، خاوەن پێداویستی تایبەت، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، لەگەڵ وەزارەتی داد.
بەگوێرەی خشتەی فەرمیی وەزارەتی دارایی، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت: ئەنجوومەنی دادوەری، پلان دانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، هێزی زیرەڤانی و فەرماندەیی بەرگری فریاکەوتن، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم.
هاوكات لە کۆتا ڕۆژی دابەشکردنی مووچەدا، کە دەکاتە ڕۆژی شەممە، مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە (دیوان و لیواکان)، فەرماندەیی دەڤەری 1 و دەڤەری 2، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دام و دەزگا نەوتییەکان، لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش دابەش دەکرێت.