ئامارەکانی تاوان لە عێراق بڵاوکرانەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئامارەکانی تاوانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ـی ئاشکرا کرد.
بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەست بەسەر نزیکەی 2000 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئامارەکانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ـی بۆ تاوان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێژەی ئەنجامدانی تاوان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا بە ڕێژەی 18% بەراورد بە ساڵی پێشوو دابەزیوە.
میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی ڕاگەیاند، ئامارەکانی ئەنجامدانی تاوان لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا بەم شێوەیەیە:
- دەستبەسەرداگرتنی 1,977 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر.
- دەستگیرکردنی 3,553 کەس بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە.
- لەو ژمارەیەش سزای لەسێدارەدان بەسەر 58 کەسیاندا سەپێنراوە.
- سەپاندنی سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر 236 کەسی دیکەدا.
- ئەنجامدانی 17 ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.
- دەستگیرکردنی 289 کەس بەهۆی ئەنجامدانی هێرش و شەڕی عەشایەرییەوە.
- دەستگیرکردنی 102 کەسی سەر بە بزووتنەوە ئاینییە تووندڕەوەکان و حزبی بەعسی قەدەغەکراو.
- دەستگیرکردنی 50 کەس بەهۆی قاچاخچێتیکردن بە شوێنەوارەوە.
- دەستگیرکردنی 83 کەس بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
- دەستگیرکردنی 25 کەس بە تۆمەتی ساختەکاریی دارایی.
- دەستگیرکردنی 52 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
میقداد میری لە درێژەی قسەکانیدا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ژمارەی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ کە لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا تۆمارکراون، گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 638 هەزار سەرپێچی. وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەشڵێت: "ئەو ئامارانە نیشانەی کاریگەریی ئەرێنیی هەنگاوە ئەمنی و یاسایییەکانە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و چەسپاندنی ئاسایش لە ماوەی داهاتووشدا بەردەوام دەبن.