Banner
پایتەخت

بەهۆی گەرماوە هەزاران کەس دەمرن

بەهۆی گەرماوە هەزاران کەس دەمرن
کورتە

شەپۆلەکانی گەرمای بەتین لە کیشوەری ئەوروپا گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە تەندروستییەکان، شەپۆلە پێوانەیییەکانی گەرمای بەتین بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی، بە شێوەیەک کە ساڵانە پتر لە 175,000 کەس لە سەرتاسەری ئەوروپادا بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرما گیان لەدەست دەدەن.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بڵاویکردەوە، شەپۆلەکانی گەرمای بەتین لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی و مەترسیدار، ئەم گۆڕانکارییە خێرایەی کەشوهەوا بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی ملیۆنان مرۆڤ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوەکە، تەنها لە ئەوروپا ساڵانە نزیکەی 175,000 کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرمای زۆرەوە گیان لەدەست دەدەن.

پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن، گەرمای بەتین دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ، گرژبوونی ماسولکەکان و سستبوونی گورچیلەکان.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕوونیکردەوە، تەمەنی سەروو 65 ساڵ، منداڵانی ساوا،  ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنی وەک شەکرە و پەستانی خوێنیان هەیە، زۆرترین زیانیان پێدەگات. 

تیمەکانی فریاگوزاری و وەزارەتەکانی تەندروستی لە چەندین وڵات، ڕێنمایی دەدەنە هاووڵاتییان کە لە نێوان کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ تا 04:00ی ئێوارە لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا نەمێننەوە و ڕۆژانە لانی کەم 2 بۆ 3 لیتر ئاو بخۆنەوە بۆ ڕێگریگرتن لە وشکبوونەوەی لەش.

13 تەمموز 2026 21:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026