چیڕۆکی زیندووبوونەوەی منداڵێک جیهانی شۆک کرد
منداڵێکی 18 مانگ چۆن توانی لە پلەی گەرمیی 2 پلەی سەدیدا لە ژیاندا بمێنێتەوە؟
لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتی لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە گەورەترین و دەگمەنترین هەڵە پزیشکییەکان لە مێژووی کەرتی تەندروستیدا، کاتێک منداڵێکی تەمەن 18 مانگ بە هەڵە وەک کۆچکردوو ڕاگەیەندرا، بەڵام دوای 5 کاتژمێر مانەوە لە ساردکەرەوەی پزیشکیی دادوەریدا بە زیندوویی دۆزرایەوە.
دەزگای میدیایی کەی پی ئێن ئێکس بڵاوی کردەوە، منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیو بە ناوی 'ڤینسێنت لۆرێنزۆ فیۆردیلینۆ'، دوای کەوتنە ناو حەوزی مەلەکردنی ماڵەکەیان لە کاتی ئاهەنگێکدا لە ڕۆژهەڵاتی ڤالی، بە بێ هۆشی گەیەندراوەتە سەنتەری پزیشکیی مێرسی گیلبێرت، پزیشکی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە دوای هەوڵێکی زۆر، کاتژمێر 6:20ـی ئێوارە کاتی مردنی منداڵەکەی ڕاگەیاند و تەنانەت لە بەرامبەر گومانی ئەفسەرێکی پۆلیس کە تێبینیی هەناسەدان و لێدانی لاوازی دڵی منداڵەکەی کردبوو، پزیشکەکە بە پشتبەستن بە پلە زانستییەکەی گومانەکەی ڕەتکردبوویەوە.
منداڵەکە بۆ ماوەی 5 کاتژمێر لە ژوورێکی سارد لە پلەی گەرمیی نێوان 2 بۆ 4 پلەی سەدی هێڵدراوەتەوە، بەڵام کاتژمێر 11:30ی شەو کاتێک کارمەندانی پزیشکیی دادوەری بۆ بردنی تەرمەکە هاتوون، بینیویانە منداڵەکە هێشتا هەناسە دەدات و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی فینێکس و 72 کاتژمێر مانەوە لەژێر چاودێریی چڕدا، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و بەبێ تووشبوون بە هیچ زیانێکی مێشکی ڕەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
ئەم ڕووداوە لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتیی ناوچەی ماریکۆپاوە لێکۆڵینەوەی تووندی لێدەکرێت، نەک تەنها پرسیاری جددی لەسەر کوالێتی و وردیی پڕۆتۆکۆڵەکانی فریاکەوتنی خێرا لە نەخۆشخانەکاندا دروست کردووە، بەڵکو بووەتە باسی گەرمی ناوەندە یاسایی و پزیشکییەکان بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسیارێتیی و کەمتەرخەمی لە حاڵەتە هۆشیارەکاندا.
گوتەبێژی سەنتەری پزیشکیی مێرسی گیلبێرت ڕووداوەکەی بە دڵتەزێن وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە، پێداچوونەوەیەکی گشتگیریان بۆ پڕۆسەی چارەسەرەکە دەستپێکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا خێزانی منداڵەکە کەمپینێکی هاوکارییان لە پێگەی 'گۆ فەند می' بۆ دابینکردنی تێچووی چارەسەرییەکانی ڤینسێنت ڕاگەیاندووە کە تا ئێستا زیاتر لە 25 هەزار دۆلاری بۆ کۆکراوەتەوە.