مانگە دەستکردەکان چەکی ئەتۆمییان هەڵگرتووە!
لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسمان دەکرێت
مەترسییەکانی پڕچەککردنی بۆشایی ئاسمان بە چەکە کۆمەڵکوژەکان لە زیادبووندایە، زانایانی بواری فیزیا پڕۆژەیەکی تیۆریی نوێیان بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەو مانگە دەستکردانە پەرەپێداوە، کە لەوانەیە بە شێوەیەکی نهێنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەڵگرتبێت.
گۆڤاری زانستیی نەیچەر توێژینەوەیەکی ئاریگ دانگۆلیان، فیزیاناسی ئەتۆمی لە زانکۆی ئێم ئای تی بڵاوی کردەوە، کە تێیدا پێشنیازی دروستکردنی ئامێرێکی تیۆری دەکات کە دەتوانێت لە تەنیشت مانگە دەستکردەکاندا بفرێت و ئاشكرای بکات ئایا چەکی ئەتۆمییان هەڵگرتووە یان نا.
دانگۆلیان پێشنیاز دەکات سوود لە پشتێنەکانی تیشکدانی ڤان ئالن وەربگیرێت، چونکە کاتێک مانگە دەستکردەکان بە ناو ئەواندا تێپەڕ دەبن، پڕۆتۆنەکان بەر یۆرانیۆم یان پلوتۆنیۆم دەکەون و دەبنە هۆی دەردانی نیۆترۆن، ئەم ئامێرە نوێیەش دەتوانێت بە وردیی 99% و تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا لە دووری 4 هەزار مەترەوە پێناسەی تیشکدانەکە ئاشکرا بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێگەی فیز دۆت ئۆڕگ، قەبارەی ئەم دۆزەرەوەیە هێندەی ئینسایکلۆپیدیایەکی گەورە دەبێت و ئەگەر لە مەودای 1000 مەتری جێگیر بکرێت، تەنها لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کارەکەی جێبەجێ دەکات.
گرنگیی پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیا تیۆرییە لەوەدایە، هەر تەقینەوەیەکی ئەتۆمی لە خولگەی نزیکی زەویدا دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوی سیستەمەکانی پەیوەندی، جی پی ئێس، کەشوهەوا و ئینتەرنێت، ئەمەش ژیانی مرۆڤایەتی بۆ چەندین دەیەی ڕابردوو دەگەڕێنێتەوە.
ئەم دەستپێشخەرییە زانستییە کە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی تیشکدانی سروشتیی بۆشایی ئاسمان کاردەکات، ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە ئەمنییە گەورەیەیە کە لە چاودێریکردنی پابەندبوونی وڵاتان بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، بە جۆرێک ڕێگری لە کارەساتێکی گەردوونی دەکات کە دەرئەنجامەکانی ژیانی سەر گۆی زەوی دەخەنە مەترسییەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، پەیماننامەی دەرەوەی بۆشایی ئاسمانی ساڵی 1967 بە تووندی چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا قەدەغە دەکات، بەڵام هیچ ڕێگەیەک بۆ دڵنیابوونەوە لەو بابەتە لە ئارادا نییە.