وشکەساڵی ژیانی هەزاران کەس دەخاتە مەترسییەوە
وشکەساڵییەکی کوشندە لە ئۆگاندا؛ چیرۆکی ناوچەیەک کە لە نیسانەوە بارانی لێ نەباریوە
قەیرانێکی مرۆیی قووڵ ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆگاندای کیشوەری ئەفریقای گرتووەتەوە، کە بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی ئۆگاندا ڕایگەیاند، لانی کەم 16 کەس بەهۆی برسێتییەوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ناوچەی کارامۆجای باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات گیانیان لەدەستداوە، کە تووشی وشکەساڵییەکی درێژخایەن بووە، ڕۆبینا نابانجا، سەرۆکوەزیرانی ئۆگاندا دەڵێت: "بەهۆی وشکبوونی تەواوەتیی بەرهەمەکانی وەک گەنمەشامی، گەنم و فاسۆلیا، هەزاران خێزان بێ خۆراک ماونەتەوە."
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەم قەیرانە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، داربڕین، لەوەڕاندنی لەڕاددبەدەر و مێش و مەگەزە، کە وای کردووە ناوچەکە پێویستی بە سیستەمی ئاودێری مۆدێرن و چاندنی بەرهەمی بەرگەی وشکەساڵگر بێت.
باکووری ڕۆژهەڵاتی وشک و نیمچە وشکەی ئۆگاندا پێشتریش ڕووبەڕووی کەمیی کارەساتباری خۆراک بووەتەوە، بە جۆرێک بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی فەرمیی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 2 هەزار و 200 کەس بەهۆی برسێتی و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانەوە لەو ناوچەیەدا گیانیان لەدەستدا، کە لەو کاتەدا لێدوانەکانی هێنری ئۆکێلۆ ئۆریەم، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتە کێشەی گەورەی دروست کرد کاتێک قوربانیانی برسێتییەکەی بە "گەمژە" وەسف کرد.
ئەم دۆخە نالەبارە ئابووری و ژینگەیییە لە کاتێکدایە، کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە بەهۆی نەبارین یان کەمبارانییەوە لە سەرەتای وەرزی چاندنەوە بەتەواوی پەکی کەوتووە، ئەمەش وای کردووە کۆمەڵگە خۆجێیییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی بەردەوامی برسێتی و نەبوونی سەرچاوەی بژێوی ببنەوە و پێویستیان بە دەستپێشخەریی فریاگوزاریی بەپەلە هەبێت.