جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا فراوانتر دەبێت
بۆیەکەمجار ئەمریکا درۆنی لە دژی ئێران بەکارهێنا
لەچوارچێوەی هێرشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەمریکا پەنای بۆ بەکارهێنانی درۆن بردووە.
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە بەکارهێنانی چەکێکی نوێی لە دژی ئێران کرد و ڕایگەیاند، بۆیەکەمجار 'درۆنی خۆکوژیان'ـیان لە دژی ئێران بەکارهێنا."ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم ئاشكرای نەکردووە چ جۆرێک یان چەند درۆنیان بە دیاریکرداوی بەکارهێناوە.
پێشووتر سێنتکۆم سیستەمی درۆنی کەم تێچووی لوکەس (LUCAS)ـی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی ئێران جێگیر کردبوو، کە لە بنەڕەتدا هەمان جۆری درۆنی شاهێد 136ـی ئێرانییە، بەڵام بە ڤێرژنی ئەمریکی و ڕووسیا بە ژمارەیەکی زۆر لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیادا بەکاری هێناون.
لەلای خۆیەوە، کارل شوستە، شیکەرەوەی سەربازی و ئەندامی پێشووی مەڵبەندی هاوبەشی هەواڵگریی فەرماندەیی زەریای هێمنی هێزەکانی ئەمریکا بە کەناڵی 'سی ئێن ئێن'ـی ڕاگەیاند، لەم چەند ساڵەی ڕابردوو ئەمریکا تاقیکردنەوەی لەسەر چەندین جۆر درۆنی دەریایی کردووە، باشترین جۆری درۆنیش کە بۆ هێرشە یەکجارەیییەکان شیاوە، بەلەمەی سەرئاوگەڕی بێفڕۆکەوانی جۆری 'فلیت'ـە (Fleet-class)."
لە درێژەی قسەکانی ئەم شیکەرەوە ئەمریکییەدا هاتووە، ئەم بەلەمە بێفڕۆکەوانانەی فلیت لە بنەڕەتدا بۆ چالاکیی مین و شەڕی دژەژێردەرییاکان پەرەیان پێ درابوو، بەڵام بەھۆی خێرایییەکەیانەوە کە زیاتر لە 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دەبڕن، دەکرێت بۆ هێرشە "یەکجارەیییەکان" یان "خۆکوژییەکان" بەکاربهێندرێن.
لەبارەی تێچووی نرخی ئەم بەلەمە بێفڕۆکەوانانە، کارل شوستە گووتی: "گرانبەهان، بۆ هەر دانەیەک زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڵام زۆر زەحمەتە بووەستێندرێن، هاوکات هەم بەلەمە بێفڕۆکەوانەکان و هەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی LUCAS بە جۆرێک دیزاین کراون, کە لە کەشتییە جەنگییەکانی کەناراوەکانی ئەمریکاوە جێگیر بکرێن.