Banner
پایتەخت

سەرباز بەمشێوەیە نەبینم!

سەرباز بەمشێوەیە نەبینم!
کورتە

وەزیری جەنگی ئەمریکا جەنگێکی دیکەی لە ناوخۆی وەزارەتەکە ڕاگەیاندووە.

لە کاتێکدا چەند ڕۆژێکە جەنگی نێوان و ئێران و ئەمریکا لە گەرووی هورز دەستیپێکردووەتەوە، وەزیری جەنگی ئەمریکا جەنگێکی دیکەی لە ناوخۆی وەزارەتەکە ڕاگەیاندووە.

 

بەگووتەی بەرپرسانی ئەمریکا کە بۆ تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوز قسەیان کردووە، لە ماوەکانی ڕابردوودا پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا گلەیی لە هێشتنەی ڕیش و سمێڵ لەلایەن سەربازانەوە کردووە، تەنانەت تا ئێستاش سەربازی قەڵەو و کورت باڵا دەبینێت.

 

یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بە سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاندووە، بێزاربوون و پەستبوونی هێگسەس لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ساڵێک لەمەوبەر لە بنکەی سەربازی 'کوانتیکۆ'  هەمان گلەیی لە شێوازی ستانداردی کێش و ڕیش و باڵای سەربازان کردبوو، بەڵام هەستی کردبوو تا ئێستا داوایەکەی لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی سەربازیی بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە و گۆڕانکارییەکی ئەتۆ ڕووینەداوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، شۆن پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هەواڵی سی بی ئێس نیوزی پشتڕاست کردەوە و گووتی: "هێگسەس گلەیی لە پابەندبوونی سەربازان بە ستانداردی شێوازی دەرکەوتن، ڕێکوپێکی و دیسیپلن هەیە، کە پێناسەی هێزەکانمان دەکات، وە بەردەوام جەخت لە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێنماییانە لە سەرجەم پلەکانی سەربازی دەکاتەوە، وەک ستایلی قژ، تاشینی ڕیش و سمێڵ پابەندبوون بە کێشی ستاندارد.

 

پێدانی گرینگی بەم بابەتە لەلایەن وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لەوەوە سەری هەڵداوە، ساڵی ڕابردوو وەزارەتەکە یاداشتێکی ڕێنمایی بڵاوکردەوە، کە تێیدا فەرمان بە فەرماندە پلەباڵاکان کراوە تا پڕۆسەی دوورخستنەوەی ئەو سەربازانە دەستپێبکەن، کە دوای ساڵێک لە پێدانی ڕێنمایی و وەرگرتنی چارەسەر، هێشتا بە بیانووی هەبوونی حاڵەتی پێستی PFB (هەڵگرانی ئەم هەستیارەی پێست ئەگەر ڕیشیان بتاشن پێستیان تووشی هەوکردن دەبێت) ڕیشیان ناتاشان.

 

دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی 'یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد' لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، لە 8ـی تەمووز گرژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دووبارە سەریان هەڵدایەوە، کاتێک فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی سوپای پاسداران کردوویانەتە سەر ژمارەیەک کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز و پێشێلکردنی ئاگربەست، زیاتر لە 80 پێگەی سەربازییان لە ئێران کردە ئامانج.

13 تەمموز 2026 20:59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026