سەیر و سەمەرەکانی یەکەم مۆندیالی جیهان
لێرهوه ڕووداوە سەیرەکانی یەکەمین پاڵەوانێتیی تۆپی پێی جیهان بخوێنهرهوه.
ناوبژیوانی یاریی کۆتایی یەکەم مۆندیالی جیهان، لە ترسی هێرشکردنە سەر لە دوای تەواوبوونی یارییەکە بە کەشتی ڕایکرد.
یەکەم خولی پاڵەوانێتیی جیهانیی تۆپی پێ لە 13ی تەممووزی 1930دا لە ئۆرۆگوای دەستی پێکرد و تاکە خولێکی مۆندیال بوو کە بێ یاریی پێشەکیی پاڵاوتن بەڕێوەچوو؛ 13 تیم بە شێوەی ڕاستەوخۆ بانگهێشت کران، چونکە یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) هێشتا سیستەمی هەڵبژاردنی تیمەکانی دانەمەزراندبوو، ئۆرۆگواییش بەهۆی بردنەوەی مێدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادی 1924 و 1928، مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکەی وەرگرت.
ئەم خولە بە چەند ڕووداوێکی ناوازە دەناسرێتەوە؛ تەنها چوار تیمی ئەورووپی توانییان بە کەشتی بگەنە ئۆرۆگوای، چونکە گەشتەکەیان نزیکەی سێ هەفتەی دەخایاند. هەروەها پاشای ڕۆمانیا خۆی پێکهاتەی تیمی نیشتمانیی وڵاتەکەی هەڵبژارد و مۆڵەتی فەرمیی بە یاریزانان دا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا.
لە یارییەکانیشدا چەندین ڕووداوی سەیر تۆمار کران؛ لەوانە گۆڕینی یاریزان بێ ئاگاداریی ناوبژیوان، بە هەڵە کۆتاییهێنان بە یەکێک لە یارییەکان پێش تەواوبوونی کاتەکەی، و لە یاریی کۆتاییشدا هەر گێمێک بە تۆپێکی جیاواز یاری کرا، چونکە ئۆرۆگوای و ئەرجەنتین لەسەر تۆپی یارییەکە ڕێکنەکەوتبوون، هەروەها ناوبژیوانی یاریی کۆتایی پێشوەختە داوای کەشتییەکی ئامادەکراوی لە بەندەرەکەدا کردبوو، چونکە لە ترسی هێرشی هاندەران دەیویست خێرا وڵاتەکە جێبهێڵێت.
لە کۆتاییدا ئۆرۆگوای لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی 4-2 لە ئەرجەنتینی بردەوە و یەکەمین جامی جیهانی لە مێژووی تۆپی پێدا بەدەستهێنا، ئەو خولە بەهۆی کەمترین ژمارەی بینەر لە مێژووی مۆندیالدا، هەبوونی هەڵە لە پۆستەری فەرمی و چەندین ڕووداوی سەیری تر، هێشتا وەک یەکێک لە سەیرترین و مێژووییترین خولەکانی پاڵەوانێتیی جیهان دەناسرێت.