ئێران لیستێکی تیرۆری بڵاوکردەوە
بەهۆی هەبوونی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە لیستی تیرۆری ئێران، دەزگاکانی هەواڵگری وڵاتەکە لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەیەکی ئێرانی دەکەن.
لەدوای هەڕەشەکانی موجتەبا خامنەیی بۆ تۆڵەکردنەوە لە بکوژانی باوکی، ڕۆژنامەیەکی ئێرانی لیستێکی تیرۆری بڵاوکردەوە، کە 13 سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان لەخۆدەگرێت.
ڕۆژنامەی 'هەمشەهری' پەیوەندیدار بە حکومەتی تاران، لیستێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا وێنەی 13 سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی تێدایە و لەسەری نووسراوە "دەبێت تیرۆر بکرێن"، چونکە بەرپرسیار بوون لە کوشتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی باڵای ئێران.
بەگوێرەی وێنەکە، لیستەکە لەم کەسانە پێکدێت:
- بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
- دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
- یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل
- براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)
- پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا
- مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
- مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل
- ئیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل
- جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا
- جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
- فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا
- ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
- کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا
لەمبارەیەوە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیتاڵیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە تا ئاشکرای بکەن کێ بەدیاریکراوی لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەم لیستەیە، یان ئەم لیستە دەرخەری بۆچوونی فەرمی حکومەتی ئێرانە یاخود نا، هاوکات پێشبینی دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم لیستە، باڵیۆزی ئێران بانگێشتی ئیتاڵیا بکرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی 'لا روپەبلیکە'ـی ئیتاڵی، ڕۆژنامەی 'هەمشەهری' نزیکە لە حکومەتی ئێران و یاسا و ڕێساکانیان ڕاو و بۆچوونی عەلی ڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانی تاران دەردەخەن، کە ئەندامی یەکێک لە کۆنسیرڤەتیڤترین حزبی وڵاتەکەیە. پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی تاران کە بڕیاربوو مانگی سێی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە دواخراوە، ڕۆژنامەکەش ڕووماڵی تووندڕەوترین بەش و ڕووی ئەم هەڵبژاردنە دەکات.
بڵاوبوونەوەی ئەم لیستە لە کاتێکدایە، لە 11-7-2026 لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بەڵێنی تۆڵەسندنەوەی کوژرانی باوکی دا، کە لە بۆردوومانێکی هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28-2-2026 تیرۆر کرا، جەختیشی کردەوە کە ئەم تۆڵەسەندنەوەیە "خواستێکی نەتەوەییە و بێ هیچ دوودڵییەک جێبەجێ دەکرێت."