لە تەمەنی 93 ساڵیدا؛ شۆفێرێک ڕیکۆردی جیهانیی دەهەژێنێت
چیرۆکی ئەو پیاوەی مێژووی شۆفێریی لە ئەمریکا گۆڕی ئاشکرا بوو.
لە کاتێکدا تەمەنی خانەنشینی لە جیهاندا سنووردارە، شۆفێرێکی لێهاتووی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا لە تەمەنی 93 ساڵیدا بەردەوامی بە کارەکەی دەدات و لە هەوڵی تۆمارکردنی ڕیکۆردی گینسە.
کۆمپانیای مەکڵۆفلین فرەیت ڕایگەیاندووە، سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکان، وێنەکان و کەرەستە پاڵپشتیکەرەکانیان پێشکەش بە ڕێکخراوی گینس کردووە، بۆ ئەوەی ئۆرین' ئەسموس' بە فەرمی وەک بەتەمەنترین شۆفێری بارهەڵگری بازرگانی لە جیهاندا بناسرێت. ئۆرین ئەسموس کە ئێستا تەمەنی 93 ساڵە، لەلایەن هاوکارەکانی و کۆمپانیاکەیەوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ شکاندنی ڕیکۆردی 'دۆیل ئارچەری' شۆفێری تەمەن 92 ساڵی خەڵکی ویلایەتی کانزاس، کە ڕیکۆردەکەی لە کانوونی دووەمی 2025دا پشتڕاست کرابوویەوە.
ئەسموس کاروانی شۆفێرییەکەی لە تەمەنی 19 ساڵییەوە دەست پێکردووە، کاتێک بۆ یەکەم جار بارهەڵگرێکی پڕ لە ئاژەڵی بردە ویلایەتی شیکاگۆ و لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە 5 ملیۆن میل ڕێگەی بڕیوە و لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکادا بارهەڵگری لێخوڕیوە، هاوکات لە مێژووی کارەکەیدا بۆ چەندین کۆمپانیای گەورە وەک واڵمارت کاری کردووە و بۆ ماوەی 20 ساڵیش ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەکەی بووە.
ئەم هەوڵە نوێیەی شۆفێرە تەمەن 93 ساڵەکە پێشینەیەکی کۆنی هەیە لە مێژووی گواستنەوەی ئەمریکادا، چونکە کاروانی پیشەیی ئەسموس دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی سیستەمی ڕێگاوبانی خێرای نێوان ویلایەتەکان لە ئەمریکا.