Banner
پایتەخت

توێژینەوەیەک: نەوەی ئێستا لە نەوەکانی ڕابردوو زووتر پیر دەبن

توێژینەوەیەک: نەوەی ئێستا لە نەوەکانی ڕابردوو زووتر پیر دەبن
کورتە

؛ توێژینەوەیەک هۆشداری لە زوو پیربووونی گەنجان و بەرزبوونەوەی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجە دەدات.

گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و ژینگەیییە مۆدێرنەکان کاریگەریی قووڵ لەسەر تەندروستیی گشتی بەجێدەهێڵن، توێژینەوەیەکی پزیشکیی نوێ ئاشکرای دەکات کە نەوەی نێوان ساڵانی 1981 بۆ 1996 (Millennials) و نەوەی دوای ساڵی 1997 (Gen Z) لەسەر ئاستی بایۆلۆژی خێراتر لە نەوەکانی پێش خۆیان پیر دەبن.

پێگەی زانستیی ساینس ئالێرت توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوی کردەوە، تێیدا توێژەرانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی واشنتن داتای تەندروستیی زیاتر لە 164 هەزار کەسیان لە بەریتانیا و ئەمریکا شیکردووەتەوە، کە بە پشتبەستن بە نیشاندەرەکانی ناو خوێن وەک هەوکردن، میتابۆلیزم، فەرمانی گورچیلەکان و تەندروستیی کۆئەندامی بەرگری و تەمەنی بایۆلۆژیی بەشداربووان، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە ساڵانی چلەکانیاندانە تەمەنیان لە ڕووی ڕوواڵەتییەوە گەنجتر دیارن.

لە درێژەی توێژینەوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی ئەو کەسانەی لە ساڵانی چلەکانیاندانە تەمەنیان لە ڕووی ڕوواڵەتییەوە گەنجتر دیارن، بەڵام لەسەر ئاستی ناوەکی زیاتر لە نەوەکانی پێش خۆیان لە هەمان تەمەندا پیر بوون، بە شێوەیەک لە ئەمریکا ئەو کەسانەی لە ساڵانی 1990کاندا لەدایکبوون تەمەنی بایۆلۆژیی گەورەتریان هەیە بە بەراورد بەوانەی لە ساڵانی 1960کاندا لەدایکبوون.


ئەم خێراپیربوونە ڕاستەوخۆ بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێش تەمەنی 55 ساڵی بە ڕێژەی 8% بۆ هەر قۆناغێکی پێشڕەوی زیاد دەکات، بەتایبەت شێرپەنجەکانی کۆئەندامی هەرس، کۆڵۆن و منداڵدان، بەڵام توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە دەکرێت ئەم پڕۆسەیە خاو بکرێتەوە لە ڕێگەی وەرزش، پاراستنی کێش، نەکێشانی جگەرە، خەوی باش.

ئەم دۆزینەوە نوێیانە لە کاتێکدان کە پێشتر ئاژانسی ڤایس چەندین ڕاپۆرتی لەسەر پشکنینەکانی خوێن بۆ دیاریکردنی تەمەنی بایۆلۆژی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەرکەوتووە تەمەنی ڕاستەقینەی مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ ژمارەی ساڵانی تەمەنیدا یەکناگرێتەوە.

ئەم دیاردە زانستییە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گۆڕانی شێوازی ژیانی هاوچەرخەوە هەیە، وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە شێرپەنجەیییەکان لە ناو گەنجاندا دەستنیشان دەکرێت، ئەمەش وەرچەرخانێکی نوێ لە تێگەیشتنی پەیوەندیی نێوان تەمەنی زەمەنی و تەمەنی بایۆلۆژیدا دروست دەکات.

13 تەمموز 2026 11:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026