خۆڕاگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
کاروانی ئاوەدانی مەسرور بارزانی هیچ ئاستەنگێک ناتوانێت ڕایبگرێت.
لە ڕوانگەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانەوە، مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی خاوەن گفت و کردار، ناسنامەی کوردپەروەری و خۆڕاگریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکاندا سەلماندووە.
ئەمڕۆ ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتار و هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنی لە ژێر ناونیشانی "مەسرور بارزانی چیکرد؟" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی بۆ دۆست و دوژمن شوناسی خۆی وەک قوتابییەکی پەروەردەی ڕێبازی بارزانی لە کوردپەروەری، مرۆڤدۆستی، ئایندۆستی، خۆڕاگری و فیداکاریدا سەلماندووە.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکوەزیران لە هەمبەر پیلانی دوژمنان، پەتای کۆرۆنا، هەڕەشە، شەڕ و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکاندا خۆی نەچەماندووە و توانیویەتی زۆرێک لە پلانەکان لەگۆڕ بنێت و نەیارانی بە چۆکدا بهێنێت.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "کارمان بە بووکەڵەی سیاسیی هەڵتۆقیوی بێ بنەما، بێ مۆراڵ و کاڵفام نییە، گرنگ ئەوەیە سەرکردە، خوای گەورە و گەلەکەی لێی ڕازی بن".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکە، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە "سەرکردەی کردار و خاوەن گفت" ناوبرد و ژمارە و داتاکانی حەوت ساڵی ڕابردووی کابینەکەی وەک بەڵگەی سەلمێنەر بەم شێوەیە خستە ڕوو:
-پڕۆژەی ڕووناكی: سوودمەندبوونی 5,500,000 هاووڵاتی.
-هەژماری من: تۆمارکردنی 1,000,000 هاووڵاتی.
-هەلی کار: ڕەخساندنی زیاتر لە 140,000 هەلی کار.
-پشتێنەی سەوزایی هەولێر: چاندنی 7.7 ملیۆن نەمامی زەیتوون، فستق و پرتەقاڵ.
-پڕۆژەکانی ئاو: جێبەجێکردنی 12 پڕۆژەی فریاگوزاری ئاو.
-کارگەکان: دامەزراندنی 1341 کارگە.
-وەبەرهێنان: 778 پڕۆژەی وەبەرهێنان.
-قوتابخانەکان: دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی 3000 قوتابخانە.
-کەرتی تەندروستی: 118 نەخۆشخانە و سەنتەری پزیشکی.
-گەشتوگوزار: 164 پڕۆژەی گەشتوگوزار و شوێنەوار.
-ڕێگەوبان: دروستکردنی 5940 کیلۆمەتر ڕێگەوبان.
-پڕۆژەکانی شارەوانی: جێبەجێکردنی 5415 پڕۆژە.
-سایلۆ و بەنداوەکان: بنیاتنانی 9 سایلۆ و 9 بەنداو، لەگەڵ بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت.
لە کۆتاییدا، ڕێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو، کاروانی سەرۆکوەزیران بۆ چاکسازی و پتەوکردنی ژێرخانی وزە، ئاو، ئاوەدانی، خۆراک و وەبەرهێنان لەنگەری گرتووە و بە هێزەوە بەرەو پێشەوە دەچێت و ئاوڕ بۆ دواوە ناداتەوە.