سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەم
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان پەیامێک بەبۆنەی ساڵیادی حکومەت بڵاو دەکاتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حەوتەمین ساڵیادی خۆیدا، لە نێوان قەیرانە سیاسی و داراییەکان و هەنگاوەکانی چاکسازیدا دەبینرێتەوە، کە تێیدا پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ژێرخان و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری، وەک ستراتیژێک بۆ داهاتووی هەرێم پەیڕەو کراون.
ئەمڕۆ مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ڕایگەیاند، حکومەت لە ماوەی ئەم حەوت ساڵەدا سەرەڕای ئاڵۆزییە ئابووریی و سیاسییەکان، توانیویەتی دەستکەوتی گرنگ و دیار بەدەست بهێنێت.
قاوەچی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بە ڕۆحی چاکسازی و خزمەتگوزارییەوە کاری کردووە، هەنگاوەکانی وەک ڕێکخستنی داراییی گشتی، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان، باشترکردنی کەشوهەوای وەبەرهێنان، پەرەپێدانی کەرتەکانی وزە، پەروەردە و تەندروستی، وەک وەبەرهێنانی ستراتیژی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان دەژمێردرێن.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی دامەزراوەی بەهێزتر و ئابوورییەکی پتەوتر هەنگاو دەنێت، هەروەها ئەم سەرکەوتنانە بەرهەمی پشتگیریی خەڵک، ڕۆحی پێشمەرگایەتی و بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارانەیە.
لە کۆتاییی پەیامەکەیدا، مونا قاوەچی متمانەی خۆی دەربڕی کە بە بەردەوامبوونی چاکسازییەکان، فرەچەشنکردنی ئابووری و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان، هەرێمی کوردستان دەگاتە داهاتوویەکی باشتر و بەهێزتر؛ هاوکات پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم ئەو دامەزراوە و کەسانە کرد کە بۆ خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان کار دەکەن.