بێ هۆکار دژایەتی کابینەی نۆیەم دەکرا
محەممەد حاجی ڕەخنە لەو لایەنانە دەگرێت کە بەڵێنی "مژدەی بودجەی بەغدا"یان دەدا.
بە گوتەی یاریدەدەرێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بارودۆخی سیاسی ڕێگر بووە لە درێژبوونەوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم؛ پرۆژەکانی کابینەکە بە بەراوردکردن لەگەڵ کابینەکانی پێشوو خستووەتە بەردەم ویژدانی هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ محەممەد حاجی، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵسەنگاندنێکی ڕاشکاو و ڕەخنەیی بۆ دۆخی سیاسی و دەستکەوتەکانی کابینەکە خستە ڕوو.
یاریدەدەرەکەی سەرۆکوەزیران لە سەرەتای نووسینەکەیدا هیوای خواست کە تەمەنی کابینەی نۆیەم لە چوار ساڵ زیاتر نەبوایە و لە ئێستادا کابینەی 10 دەستبەکار بوایە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی سیاسیی کوردستان تا ئێستا ڕێگربووە لە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ.
محەممەد حاجی تیشکی خستە سەر چەندین ئاستەنگی سەرەکی کە ڕووبەڕووی کابینەکە بوونەتەوە و ڕایگەیاند: "خۆزگە کارەساتی کۆرۆنا یەخەی دونیا و کوردستانی نەگرتایە، پیلانگێڕی دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نەدەکرا".
هاوکات ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە مژدەی ناردنی بودجەیان دەدا و گوتی: "خۆزگە دوای تەسلیمکردنی نەوت بە بەغدا، وەک هەندێ لایەن مژدەیان دەدا و نوقڵیان دەبەخشییەوە، بودجەی تەواوی هەرێمی کوردستان دەهات کە مانگانە نزیکەی 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینارە".
محەممەد حاجی خۆزگەی خواست کە داهاتی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەکان بەتەواوی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بکرانایە و لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بەبێ هۆکاری ناپەسەند دژایەتیی کابینەکە نەکرایە.
یاریدەدەرەکەی سەرۆکوەزیران سەرجەم پڕۆژە و کارەکانی کابینەی نۆیەمی ڕوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ویژدانی خۆیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.
لە کۆتاییدا، محەممەد حاجی داوای لە سەرجەم کابینەکانی پێشووی هەرێم و حکومەتی بەغدا کرد، بەرهەمی کارەکانی خۆیان ڕابگەیەنن تا هاووڵاتیاینی کوردستان و عێراق بتوانن بەراوردێکی دادپەروەرانە لە نێوان کابینەکاندا بکەن و بڕیار بدەن کێ کار و پڕۆژەی باشتری پێشکەش کردووە.