دزی سەدە ڕایکردووە
نوور زوهێر بەناوی گەڕاندنەوەی پارە بۆ خەزێنەی گشتی لە عێراق ڕایکرد.
نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی ناسراو بە "دزی سەدە" لە عێراقدا، لە کۆی زیاتر لە 1.6 ترلیۆن دیناری لەئەستۆیدا بووە، تەنیا 365 ملیار دیناری گێڕایەوە و دوای ئازادکردنی بە کەفالەت، بەرەو دەرەوەی وڵات ڕایکردووە.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی سپاردە باجییەکان ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی لێژنەی ڕاپەڕاندنی مامەڵە، لەوانەش هەردوو کۆمپانیای (القانت) و (المبدعون) سەر بە تۆمەتبار (نوور زوهێر)، بە ڕێگەی نایاسایی ئەو سپاردانەیان کێشابووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دواتر بە ڕێککەوتنی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نوور زوهێر بە کەفالەت ئازاد کرا بۆ گێڕانەوەی پارەکان، توانی بڕی 365 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە چووە دەرەوەی عێراق و پێدانی پارەکەی ڕاگرت، سزای غیابی 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا و پەڕاوی ئینتەرپۆلی بۆ ڕێکخرا.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا پارێزەرەکەی داوای کردووە یاسای لێبووردنی بگرێتەوە بەرامبەر گێڕانەوەی تەواوی پارەکەی تر، بەڵام بابەتەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە تا وەزارەتی دارایی ڕای خۆی دەدات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، لەم دۆسیەیەدا حوکمی ئامادەیی زیندانیکردن بەسەر 12 فەرمانبەری دەستەی باجدا سەپێنراوە، وسزای غیابی بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە و چەند ڕاوێژکارێک دەرچووە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشوو کرا و دۆسیەکەی بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە داخرا.
دۆسیەی سپاردە باجییەکان ناسراوە بە "دزی سەدە" ناسراوە، پەیوەندیی بە کێشانەوەی نایاسایی بڕی 3 ترلیۆن و 831 ملیار و 370 ملیۆن و 882 هەزار دیناری عێراقییەوە هەیە لە بانکی ڕافیدەین، کۆمپانیاکانی نوور زوهێر بە تەنیایی بەرپرسن لە کێشانەوەی 1 ترلیۆن و 618 ملیار و 370 ملیۆن و 882 هەزار دیناری ئەو بڕە پارەیە.