لە کاتی ناشتنی خامنەیی بنکەکانی ئەمریکا هەژا
ئاگربەست تێکشکا؛ ئێران بنکەکانی ئەمریکای بۆردومان کرد و تەرمی خامنەیی لە مەشهەد نێژرا.
ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران چەند پێگەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج و دۆخی ڕێککەوتنی ئاگربەستیان بەرەو هەڵوەشاندنەوە برد.
ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێی ناوچەی کەنداو.
ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بوون بۆ ئەو بۆردومانانەی ئەمریکا کە ناوچە کەناراوییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێرانیان کردبووە ئامانج، ئەمەش وای کردووە ئەو ئاگربەستەی کە 3 هەفتە پێش ئێستا ڕاگەیەندرا، بکەوێتە ژێر مەترسییەوە.
هاوكات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی داوەتە ئەمریکا لە هەر سەرکێشییەکی سەربازیی نوێ و هێرشەکانی واشنتنی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵات ناو بردووە.
عێراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عومان و تورکیا، تاوتوێی دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی گەرووی هورمزی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت لایەنەکان پەنا بۆ دیپلۆماسی ببەن بۆ ڕێگری لە زیاتر تێکچوونی بارودۆخەکە.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە هاوکاتن لەگەڵ مەراسمی بە خاک سپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران لە شاری مەشهەد. خامنەیی لە 28ی فێبریوەریی ڕابردوو لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکاوە کوژرا و ئەمڕۆ دوای هەفتەیەک لە مەراسیم تەرمەکەی دەنێژرێت.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەکانی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆری دا بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە نێوان تاران و واشنتن، بەڵام هێرشە دووبارەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، جارێکی دیکە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆی لە ناوچەکەدا زیندوو کردووەتەوە.