ئیسرائیل هەڕەشە له توركیا و ئێران دهكات
ئیسرائیل پێیوایه، نزیکبوونەوەی ترەمپ و ئەردۆغان کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئهوان و ههڕهشهی هێرشكردن دهكهن.
لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرکردەکانی ئیسرائیل پەیامی توند ئاراستەی تاران و ئەنقەرە دەکەن و جەخت لەسەر مانەوەی سوپاکەیان لە لوبنان و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لەگەڵ تورکیا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، جەنگ هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئاڵنگاریی زۆر لەبەردەمدایە. ئاماژەی بەوەش کردووه، هەرکاتێک تەوەرەیەک لە ناو دەچێت، تەوەرەیەکی دیکە دروست دەبێت و سوپای ئیسرائیلیش تا ئەو کاتەی پێویست بێت لە ناوچەی ئەمنیی لوبنان دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانی باکوور.
ههروهها نەتەنیاهۆ دهڵێت: "هێرشکردنە سەر ئێران یەکێک بوو لە هەستیارترین ساتەکانی ژیانم و ڕێگە نادەم تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لە لایەکی دیکەوە، عەمیحای شیکلی، وەزیری کاروباری تاراوگەی ئیسرائیل هۆشداریی دا کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ تورکیا زۆرە، ئەمەش بەهۆی توندبوونی وتارە سیاسییەکانی ئەنقەرە و ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی F-35ی ئەمریکی بەو وڵاتە.
شیکلی ئاماژەی بەوە کردووه، کە ئیسرائیل لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە مەترسیدار دەبینێت و نیگەرانە لە نزیکبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
هەروەها باسی لەوەش کردووه، تا ئێستا نەتەنیاهۆ توانیویەتی بە هاوکاریی یۆنان و قوبرس ڕێگری لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا بکات، چونکە ئەنقەرە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەبینن.
بهپێی بهپێی ئاژانسی ههواڵی (روسیا الیوم)، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە گەیشتوونەتە نزمترین ئاست و هەردوولا وتاری توندیان دژی یەکتر هەیە.
ئهمه لهكاتێكدایه، ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردوودا چەندین هێرشی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان و سووریا.