سووریا لە لیستی تیرۆر دەرهێندرا
دوای كۆبوونهوهكهی ترهمپ و شهرع؛ ئهمریكا بڕیاریدا ناوی سووریا له لیستی تیرۆر بسڕێتهوه.
لە هەنگاوێکی مێژووییدا کە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سووریا دەبینرێت، واشنتن ڕێکارە فەرمییەکانی بۆ سڕینەوەی ناوی دیمەشق لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی پشتگیری لە تیرۆر دەکەن دەستپێکرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڵاویکردەوە، دیمەشق پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکات و بە کۆتاییهاتنی لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی وڵاتەکەیدا دەیناسێنێت. ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات کە تێیدا جەخت لەسەر دیالۆگ و ڕێزی هاوبەش کراوەتەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەی لابردنی سووریا لە لیستی تیرۆر دەستیپێکردووە و بڕیارەکە لە ماوەی 45 ڕۆژدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، مەگەر کۆنگرێس ڕەتی بکاتەوە کە ئەوەش کارێکی مهحاڵه.
جێی باسه، ئەم هەنگاوە پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەڕع، کە لە مانگی كانوونی یهكهمی 2024ـەوە دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن.
لای خۆیانەوە وەزیرانی دەرەوە و دارایی سووریا جەختیان کردەوە، کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و خێراکردنی بووژانەوەی ئابووری، بەتایبەت کە بانکی جیهانی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی سووریای بە زیاتر لە 216 ملیار دۆلار خەمڵاندووە. حکومەتی نوێی سووریا ئامانجیەتی وڵاتەکە دووبارە تێکەڵی ئابووریی جیهانی بکاتەوە و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان کۆتایی پێ بهێنێت.
ئەحمەد شەڕع لە کۆتایی ساڵی 2024 و دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست. سەرەڕای کرانەوەی ئەمریکا، ئیسرائیل هێشتا نیگەرانیی خۆی لە دەسەڵاتە نوێیەکە نیشان دەدات و لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی سووریا ئەنجام داوە.