Banner
پایتەخت

پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
کورتە

دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو ئامادەکاریی پێکهێنانی حکومەت و کۆبوونەوەی لووتکە دەستپێدەکات.

پاش دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسیی لە هەرێم، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەنە براوەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەستیپێکردووە.


سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕاگەیاندووە، هەردوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی ئەرێنییان بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو هەبووە.

بەگوێرەی سەڵاحەدین بابەکر بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی لووتکە لە نێوان پارتی و یەکێتی و ئەو لایەنانەی خاوەن فراکسیۆنن لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا، لە سێ داواکاری و خاڵی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە:

یەکەم: ڕاگرتنی سەرجەم گرژییە میدیاییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

دووەم: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی تەنیا مانگێکدا.

سێیەم: داڕشتنی بەرنامەیەکی ڕوون، تۆکمە و گشتگیر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی بەغدا بە ئامانجی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەوان وەک حیزب بە چەند هۆکارێک نەچوونەتە ناو هیچ وردەکارییەکی پەیوەست بە دابەشکردنی پۆستەکانی ناو حکومەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا، کاتێکی زۆری خایاندووە، بە جۆرێک یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو.

09 تەمموز 2026 10:25
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026