بەرپرسێکی دیکەی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا
عێراق نووقمی گەندەڵی بووە و هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسان بەردەوامی هەیە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی دەستگیرکردنی بەرپرسە گەندەڵکارەکانی عێراق، بەرپرسێکی دیکە لە ناوەڕاستی بەغدا دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 'بەغدا تودەی' ڕاگەیاندووە، حوسێن تالیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆماپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە (ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی)، بە تۆمەتی تێوەگلان لە کردەوەی گەندەڵی، لە شەقامی ئەل رەبیعی بەغدا دەستگیر کرا.
بەگوێرەی زانیاری هێزە ئەمنییەکان، دەستگیرکردنەکە بەشێوەیەکی بێدەنگ و بەبێ دروستبوونی هیچ ئاژاوەیەک بەڕێوەچووە، تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی هێزی ئەمنی تێدا بەکار هاتووە.
دەستگیریکردنی حوسێن تالیب لە کاتێکدایە،دوای بردنەوەی کورسی پەرلەمان، وابریار بوو ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخوات.
تا دێت ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق فراوانتر دەبێت و بەگوێرەی زانیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، تا ئێستا ڕێژەی پارە دەستبەسەرکراوەکان لەم دۆسیە گەندەڵیانەدا، گەیشتووەتە زیاتر لە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار.