Banner
پایتەخت

چارەنووسی دوو کورسییەکەی لاهور تاڵەبانی

 چارەنووسی دوو کورسییەکەی لاهور تاڵەبانی
کورتە

لاهور تاڵەبانی لە زیندانەوە لە ژێر هیچ فشارێک خۆی تەسلیمی کوڕانی تاڵەبانی ناکات.

لاهور تاڵەبانی سەرجەم ئەو مەرج و فشارە سیاسییانەی ڕەتکردووەتەوە کە ئامانجیان ناچارکردنی بوو بۆ دەستبەرداربوون لە دوو کورسییەکەی بەرەی گەل، دووپاتی دەکاتەوە، هاوشێوەی ئەزموونەکانی ڕابردووی ناوچەکە، ئیرادەی خۆی تەسلیمی هیچ هێزێکی حزبی ناکات.

 

ئەمڕۆ دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، دادگای دووی سلێمانی ماوەی 37 ڕۆژە وەڵامی سکاڵای تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی نەداوەتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ ڕێکارێکی دیکەی یاساییان گرتووەتە بەر و لە دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستان سکاڵایان لەسەر دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تۆمار کردووە.

 

گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری یەکلانەکردنەوەی دۆسیەکە بۆ ململانێی سیاسی دەگەڕێتەوە، چونکە دەسەڵاتی سیاسی لەم زۆنەدا دەستوەردان دەکات و ئەمەش وایکردووە کەیسەکەی لاهور تاڵەبانی و گیراوانی لالەزار دوابخرێت، لە کاتێکدا نزیکەی 10 مانگ زیاترە دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستان داوای بینینی دۆسیەکەی کردووە.

 

دانا تەقیەدین ئەوەشی خستە ڕوو، دەسەڵاتی سیاسی سلێمانی وا بیر دەکاتەوە کە دواخستنی کەیسەکە دەبێتە هۆی زیادکردنی کورسییەکانی، لاهور تاڵەبانی سێیەم سەرۆکی حزبە لەم زۆنەدا کە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبێتەوە.

 

گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی گووتی : "ئەو لایەنەی ئێستا ڕیکلامی ئەوە دەکات کە خاوەنی 40 کورسییە، لە ڕاستیدا خاوەنی 38 کورسییە و ئەم هەوڵانەش شەڕێکە بۆ بردنی 2 کورسییەکەی بەرەی گەل لە ڕێگەی فشارەوە".

 

دانا تەقیەدین ڕوونیکردەوە،  لاهور تاڵەبانی لە پێناو دەنگدەران و هاوڕێکانی ئامادە نییە لە ژێر چاودێری و فشاری سیاسیدا ئیرادەی خۆی تەسلیم بکات و دەست لە 2 کورسییەکەی بەرەی گەل هەڵبگرێت، لەبەر ئەوەی ئەوان تۆمەتبار نین بەڵکو بارمتەی سیاسین.

07 تەمموز 2026 18:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026