Banner
پایتەخت

بڕیارێكی گرنگ له‌باره‌ی پسوولەی خۆراکه‌وه‌ درا

بڕیارێكی گرنگ له‌باره‌ی پسوولەی خۆراکه‌وه‌ درا
کورتە

مەرجەکانی زیادکردنی کەسانی سەروو 12 ساڵ بۆ پسوولەی بەشەخۆراک ڕاگه‌یه‌ندرا.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕیار و ڕێنمایی نوێیان بۆ ڕێکخستنی پسوولەی بەشەخۆراک و تۆمارکردنی ناوی نوێ دەرکرد. ئامانجی ئەم هەنگاوانە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاوڵاتییانەیە کە تا ئێستا ناویان لە سیستەمەکەدا جێگیر نەکراوە، بەتایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵەوەیە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵ ڕایگەیاند، لەئەمڕۆوە پڕۆسەی زیادکردنی ئەو کەسانە دەستی پێ کردووە، کە ناویان لە پسوولەی خۆراکدا نییە و تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵە. بەپێی بڕیارەکە، دەبێت ئەو کەسەی ناوی نییە خۆی ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی پەنجەمۆر و هێنانی کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاریی سەرۆک خێزان، لەگەڵ بڕینی پسوولەیەک بە بڕی 6500 دینار.

هاوکات وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکی نوێی بۆ لقەکانی بەشەخۆراک دەرکرد. بەهۆی کەمیی فەرمانبەرەوە، بڕیاردراوە خزمەتگوزاریی تۆمارکردنی خێزانی نوێ و کەسی نوێی سەروو 12 ساڵ بخرێتە ژێر دەسەڵاتی بەشی بەشەخۆراک. پێویستە لقەکان پاش وردبینیی مامەڵەکان، ڕەوانەی بەشی کۆمپیوتەری بکەن بۆ ڕاکێشانی (شریتی کۆمپیوتەر) کە دەیسەلمێنێت هاوڵاتییەکە لە هیچ پارێزگایەکی تری عێراق تۆمار نەکراوە.

بۆ تۆمارکردنی خێزانی نوێ یان زیادکردنی کەس، وەزارەت چەند بەڵگەنامەیەکی وەک عەریزە بۆ بەڕێوەبەری لق، فۆرمی سەلماندنی ئامادەبوون، پسوولەی كۆكردنه‌وه‌ی داهات و کۆپیی کارتی نیشتمانیی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی داوا کردووە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دەبێت ژمارەی بنکەی بەشەخۆراک و ناوی بریکارەکانی خۆراک و ئاردی تێدا بێت تاوەکو مامەڵەکە بە تەواوی لە سیستەمەکەدا جێگیر بکرێت.

پسوولەی بەشەخۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بەڵگەنامە هەرە سەرەکییەکان کە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی خۆراکی مانگانە پشتی پێ دەبەستن. حکومەت لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییانەوە دەیەوێت پڕۆسەی دابەشکردنی خۆراک ڕێکبخاتەوە و ڕێگری لە هەر جۆرە ناڕێکییەک بگرێت کە دەبێتە هۆی بێبەشبوونی بەشێک لە هاووڵاتییان لە مافەکانیان.

07 تەمموز 2026 16:10
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026