Banner
پایتەخت

وەزارەتی تەندروستی: نابێت بەهۆی نەدانی پارە تەرم لە نەخۆشخانەکان ڕابگیرێت

وەزارەتی تەندروستی: نابێت بەهۆی نەدانی پارە تەرم لە نەخۆشخانەکان ڕابگیرێت
کورتە

لەمەودوا هیچ نەخۆشخانەیەک ناتوانێت بەم بیانووە کێشە دروست بکات.

وەزارەتی تەندروستی لە بڕیارێکی نوێدا هۆشداری تووند دەداتە سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت، کە نابێت بە بیانووی پاکتاوی دارایی یان تەواونەکردنی خەرجییەکان، تەرمی ئەو کەسانەی گیان لەدەستدەدەن ڕابگرن.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە، سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت ئاگادارکراونەتەوە کە لە کاتی گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێکدا، پێویستە دەستبەجێ و بێ دواکەوتن تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری بکرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی جەختی کردووەتەوە، نابێت بە بیانووی نەبوونی خەرجی یان تەواونەکردنی پاکتاوی دارایی، تەرم ڕابگیرێت.

لە کۆتایی نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەی تەرم دەبێت بەپێی ڕێنماییەکانی دادپزیشکی بێت، وەزارەتی تەندروستیش هۆشداری دەدات کە هەر نەخۆشخانەیەک پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەبێتەوە.

06 تەمموز 2026 17:07
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026