Banner
پایتەخت

ملیۆنان کەس ئامادەی پرسەکەی دەبن

ملیۆنان کەس ئامادەی پرسەکەی دەبن
کورتە

تاران و نەجەف؛ وردەکاریی ڕێوڕەسمی ماڵاوایی لە عەلی خامنەیی

ئێران و عێراق خۆیان بۆ ماڵئاواییکردنی مێژوویی لە تەرمی عەلی خامنەیی ئامادە دەکەن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تاران لەژێر ڕێوشوێنی تووندی ئەمنیدایە، کاروانی تەرمەکە سنوورەکان دەبڕێت و ده‌چێته‌ خاكی عێراق.

ئەمرۆ دووشەممە، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند،  تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە مەهدییەی ئیمام حەسەن لە شەقامی ئازادییەوە بەرەو مەیدانی ئازادیی تاران بەڕێدەکرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی پایتەخت ماڵئاوایی کۆتایی لێ بکەن.

پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێوڕەسمە 10 بۆ 12 کاتژمێر بخایەنێت. حکومەتی ئێران ڕێوشوێنی تووندی هاتووچۆی لە شارەکانی تاران و قوم ڕاگەیاندووە.

بڕیارە سبەی سێشەممە تەرمەکەی بۆ شاری قوم بگوازرێتەوە و بۆ ماوەی ڕۆژێک لەوێ بمێنێتەوە. لە قۆناغی کۆتاییدا و ڕۆژی چوارشەممە، تەرمەکەی بە فڕۆکە دەگەیەنرێتە عێراق، تاوەکو لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقەوە لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا مەراسیمی ماڵاوایی بۆ ڕێک بخرێت.

جێی ئاماژەیە، لە 3ـی تەممووزی ئەمساڵەوە پرسەکەی لە تارانی پایتەخت دەستی پێ کردووە و زیاتر لە 100 شاندی نێودەوڵەتی بەشدارییان تێدا کردووە. لە 5ـی تەممووزدا، نوێژ لەسەر تەرمی عەلی خامنەیی، هاوسەر، کچ، زاوا و نەوەیەکی (کچەزا) ئەنجام درا، کە تەمەنی تەنها ساڵێک و نیو بووە.

لەلایەکی دیکەوە، لە شاری نەجەفی عێراق ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە تەرمی خامنەیی بەردەوامن. دانیشتووانی شارەکە و هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، چادرەکانیان بە درێژایی ڕێگەی نەجەف – کوفە هەڵداوە. سەرجەم پێداویستییەکانی خواردن و مانەوە بۆ سەردانیکەرانی ناوخۆیی و بیانی دابین کراون.

پارێزگاری نەجەف ڕایگەیاندووه‌، پلانێکی تۆکمەی ئەمنی و خزمەتگوزاری بۆ پێشوازیکردن لە کاروانی تەرمەکە ئامادە کراوه‌. بڕیارە شەوی سێشەممە ڕێوڕەسمی پێشوازیی فەرمی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بەڕێوە بچێت و کاروانی جەماوەرییش سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە دەست پێ بکات.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەختی کردووەته‌وه‌ کە شارەوانیی نەجەف هەموو توانا تەکنیکی و خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابینکردنی کەشێکی گونجاو و پاراستنی پاکوخاوێنی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەدا خستووەتە گەڕ.

عەلی خامنەیی لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لەدایک بووە و لە ساڵی 1989ـەوە بووەتە ڕێبەری وڵات. لە تەمەنی 86 ساڵیدا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە 28ـی شوباتی 2026 کوژرا. دوای ئەو، موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی دەستنیشان کرا.

06 تەمموز 2026 14:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026