Banner
پایتەخت

127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار دەستیان بەسەردا گیراوە!

127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار دەستیان بەسەردا گیراوە!
کورتە

تا دێت کەیسەکەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق گەورەتر دەبێت؛ ئەمڕۆش ملیۆنان دۆلاری دیکە دەستیان بەسەردا گیرا.

هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی پارە دزراوەکانی دۆسیەی عەدنان جومەیلی بەردەوامە و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، لە ماڵێکی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و ئەو لایەنانەی کە تێوەگلاون لەگەڵیدا، دەست بەسەر 25 ملیار دینار، 1 ملیۆن دۆلار و نزیکەی 5 کیلۆگرام لە زێڕ و خشڵ دا گیراوە.



بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، عەدنان جومەیلی پارەی لە نێو دەبە و بتڵی پلاستیکی ئاو لە یەکێک لە ماڵەکانی لە شاری تکریت حەشاردابوو، توانراوە لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسییەکە، دەستیان بەسەردا بگیرێت و بەمەش ڕێژەی پارە دەستبەسەرکراوەکان لەم دۆسیەیەدا، گەیشتووەتەوە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار.



لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دا هاتووە، جگە لەو پارە و زێڕانەی دۆزراونەتەوە، دەستە بەسەر خانوو، زەوی و چەندین ئۆتۆمبێل دا گیراوە. جەختیش دەکەنەوە کە لێکۆڵینەوەکان و ڕاوەدووڕانی تێوەگلانی دیکە بەردەوامن تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان.

نزیکەی 10 ڕۆژە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەیزەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دەستگیرکردنی دەیان بەرپرسی باڵا و ئەندام پەرلەمانی وڵاتەکەی لێ کەوتووەتەوە، ئەمەش دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت لە مانگی رابردوو، کە لە دانپێدانانێکی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد.

دۆسیەکە تا ئێستا بەردەوامە و بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، هەڵمەتەکە پلانێکی 6 مانگییە و لە ئێستادا پۆلیسی ئینتەرپۆڵیش بۆ دەستگیرکردنی ئەو گەندەڵکارانەی هەڵاتوونەتە دەرەوەی وڵات ئاگادارکراونەتەوە.

جگە لە بەرپرسە عێراقییەکان، کوردیش لە گەندەڵکارییەکان تێوەگلاون، دوێنێ حەسەن کوردی، بەرپرسی بەڕێوەبردنی دۆسیەیی گرێبەستەکانی پاڵاوگەی عەدنان جومەیلی و برایەکی بە ناوی محەممەد کوردی، بە تۆمەتی گەندەڵی و دزینی نیو ملیار دۆلار فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو، بەڵام هەردووکیان ڕایان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات و دواجار لە وڵاتی فەرەنسا بینراون.

مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق داوای لە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپۆڵ کردووە بەزووترین کات ئەم دوو برا کوردە دەستگیر بکەن و بیانگەڕێننەوە بۆ عێراق، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.

ئینتەرپۆڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و تایبەتە بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن وڵاتانەوە داواکراون، 195 وڵات ئەندامی رێکخراوەکەن، کە عێراق یەکێکیانە.

06 تەمموز 2026 14:14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026