Banner
پایتەخت

وه‌زاره‌تی پەروەردە له‌باره‌ی ناونووسینی قوتابییان بڕیاریدا

وه‌زاره‌تی پەروەردە له‌باره‌ی ناونووسینی قوتابییان بڕیاریدا
کورتە

وەزارەتی پەروەردە تەمەنی وەرگرتنی منداڵانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 دیاریکرد

وەزارەتی په‌روه‌رده بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی خوێندن و ئاسانکاری بۆ دایکان و باوکان،‌ ڕێکار و مەرجە نوێیەکانی بۆ تۆمارکردنی منداڵان و قوتابییان لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پڕۆسەی وەرگرتن لە باخچەی منداڵان و پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەپێی ساڵی لەدایکبوون دیاریکراوە.

 

بەپێی نووسراوێك كه‌ واژۆی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی له‌سه‌ره‌، ئەو منداڵانەی لە نێوان 1/1/2022 تاوەکو 31/12/2022 لەدایکبوون، لە قۆناغی یەکەمی باخچەی منداڵان وەردەگیرێن و بۆ قۆناغی دووەمیش دەبێت منداڵ لە ساڵی 2021 لەدایکبووبێت. بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، پێویستە منداڵ لە دایکبووی ساڵی 2020 بێت.

 

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، پڕۆسەی تۆمارکردن و جیاکردنەوەی قوتابییان لە 15/7/2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 19/8/2026 بەردەوام دەبێت. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە دەبێت تاوەکو 30/8/2026 ناوی گشت منداڵان و قوتابیان لە سیستەمی ئەلیکترۆنی (E-parwarda) تۆمار بکرێن و دوا وادەش بۆ ڕێکخستنی میلاکی مامۆستایان 6/9/2026 دەبێت.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، پڕۆسەکە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان لە هەموو ناوەندەکاندا ناچارییە. ئەم ڕێکارانە بەشێکە لە پلانی وەزارەت بۆ دیجیتاڵکردنی داتا پەروەردەییەکان و شەفافیەت لە پڕۆسەی وەرگرتنی قوتابیاندا.

05 تەمموز 2026 22:38
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026