پایتەخت میدیا کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12 بڵاودەکاتەوە
تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی کۆتایی هات و وەزارەتی پەروەردەش ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کۆتاییهات و وەزارەتی پەروەردەش سبەی یان دوو سبەی ئەنجامەکان ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ لە کۆتا ڕۆژی تاقیکردنەوەکاندا، قوتابییانی بەشی زانستی تاقیکردنەوەیان لە وانەی فیزیا و بەشی وێژەییش لە وانەی جوگرافیا ئەنجامدا. هەرچەندە تاقیکردنەوەکانی خوێندنی سریانی، تورکمانی و ئایینی مەسیحیش لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێوەدەچن، بەڵام ئەم وانانە ئارەزوومەندانەیە و ناچنە ناو کۆنمرەی گشتییەوە.
پێشتریش گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، کە پڕۆسەی ئەزموونە گشتییەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممە ئەنجامەکان بە فەرمی بڵاوبکرێنەوە.
تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 لە 14ی حوزەیرانی بە بەشداری 117 هەزار و 142 قوتابی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و لەلایەن 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەرەوە سەرپەرشتی دەکران.
لەبارەی شێوازی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش، وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵیش لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە، ئەنجامەکان بڵاودەکاتەوە و قوتابییان دەتوانن بە کۆدت تایبەتی خۆیان، لە ڕێگەی ئەم لینکەوە ئەنجامەکانیان ببینن، https://azmwnakan.com/.