حکومەت دەرگای بۆ بازرگانانی سووتەمەنی واڵا کرد
وهزارهتی سامانه سروشتییهكان كارئاسانی بۆ بازرگانان ڕادهگهیهنێت و مژدهیهكی خۆشیش به شۆفێران لهبارهی نرخی بهنزینهوه دهدات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی کەمبوونەوەی سووتەمەنی و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەرکرد.
ئەمڕۆ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ڕێکەوتی 2/7/2026ی لەسەرە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش کراوە، بڵاویکردەوە کە پێویستە ڕێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بدرێت و ڕێگرییەکان لاببرێن.
بەپێی ئەم بڕیارە، ئاسانکاری تەواو بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە سەرجەم بازگەکان دەکرێت تاوەکو پێداویستی ناوخۆیی بازاڕ بە خێرایی دابین بکرێت.
لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە، دەبێت لە بازگەکاندا ئاسانکاری و کارئاسانی تەواو بۆ تانکەرەکانی سووتەمەنی بکرێت بۆ ئەوەی بەنزین بگاتە ناو هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و پاراستنی کوالێتی سووتەمەنییە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان و بەڕەچاوکردنی کوالێتی بەنزینەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی خستنەڕوو، نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو. حکومەت لە ڕێگەی ئەم ڕێکارە نوێیانەوە هەوڵ دەدات رێگری لە دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی بکات و نرخەکان بۆ ئاستێکی گونجاو دابەزێنێت تاوەکو بارگرانی لەسەر شۆفێران دروست نەبێت.