وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لەسەر کەیسەکەی د. عەبدولەتیف دا
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دوورخستنەوەی هەمیشەیی بۆ د. عەبدولەتیف ئەحمەدی دەرکرد.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لەسەر کەیسی د.عەبدولەتیف ئەحمەد پەسند کرد و بڕیاری 'عزلکردنی' ناوبراوی لە پۆستەکەی دەرکرد.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەرچووە، بڕیاری سزای (العزل - دوورخستنەوەی هەتاهەتایی) بۆ د. عەبدولەتیف ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی دەرکرد.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیارەکە دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی هاتووە، کە تایبەت بووە بە کەیسی ناوبراو، لێکۆڵینەوەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی بەڕێوەچووە و پاڵپشت بووە بە ماددەی (4/ بڕگەی 8 و 9) و (ماددەی 8/ بڕگەی 8) لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 14ی ساڵی 1991ی هەموارکراو.
فەرمانە وەزارییەکە کە ژمارە 1370ی لەسەرە، بە واژۆی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرکراوە و تێیدا بە فەرمی سزای دوورخستنەوەی کۆتایی (العزل) بۆ ناوبراو پەسەند کراوە و ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ جێبەجێکردن.