دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی سلێمانی، دۆسیەکەی د. عەبدولەتیف ئەحمەد گەیشتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لە ئێستادا تیمی یاسایی وەزارەت سەرقاڵی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاساییە لەسەر بابەتەکە.

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی د. عەبدولەتیف ئەحمەد مستەفا گەیشتووەتە وەزارەت و لەسەر فەرمانی وەزیر، دەستبەجێ ڕێکارە یاساییەکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا بەرامبەر ئەم دۆسیەیە دەستیان پێکردووە.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی، ئەم دۆسیەیە پێشتر لەلایەن زانکۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی پێویستی لەبارەوە ئەنجام درابوو، ئەمڕۆ لە کاتی دەوامی فەرمیدا ڕادەستی وەزارەت کراوە.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکە ئەوەش هاتووە،  تیمی بەڕێوەبەرایەتی یاسایی و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕۆسەی پێداچوونەوە و مامەڵەکردنی یاساییان لەگەڵ ناوەڕۆکی دۆسیەکەدا دەستپێکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە بەپێی یاسا.