دۆسیەکەی د. عەبدولەتیف بەمشێوەیە یەکلایی دەکرێتەوە
وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی دۆسیەی تۆمارە دەنگییەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەدەوە بەمشێوەیە بڕیار دەدات
پایتەخت میدیا ئاشکرای دەکات، کە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆسیەی تۆمارە دەنگییەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەدەوە، بەمشێوەیە بڕیار دەدات و نایەوێت ڕاستەخۆ دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت.
وابڕیارە سبەی یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی د. عەبدولەتیف ئەحمەدەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
دوای ئەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، کۆتاییهاتنی کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی تۆمارە دەنگییەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەدەوە ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، کە ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییان کردووە بۆ بڕیاردان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی نایەوێت بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆی ڕاستەوخۆ بڕیار بدات و دوو بژاردەی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە.
بژاردەی یەکەمی وەزیری خوێندنی باڵا، ئاراستەکردنی دۆسیەکەی د. عەبدولەتیف ئەحمەدە بۆ ئەنجوومەنی وەزارەت کە خاوەن بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە بەپێی یاسای وەزارەتەکە، کە پێکهاتوون لە وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و گشت سەرۆک زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات بژاردەی دووەمی وەزیری خوێندنی باڵا، ئاڕاستەکردنی دۆسیەکەی د. عەبدولەتیف ئەحمەدە بۆ دادگا و هەڵپەساردنی ئەرکەکانی ناوبراو وەک مامۆستای زانکۆی سلێمانی، تاوەکو لە دادگا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەوبارەیەوە بدات.
ماوەی دوو هەفتەیە چەند تۆمارێکی دەنگی د. عەبدولەتیف ئەحمەد کە مامۆستای کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانییە و بە ڕابەری سەلەفییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، لەلایەن کەسێکەوە بەناوی بیلال محەممەد کە ناسناوی یاخییە، بڵاوکرایەوە کە گوایە 'گێچەڵی سێکسی' بە چەند کچە خوێندکارێکی خۆی کردووە.
بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانەی د. عەبدولەتیف ئەحمەد لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بۆیە راستەوخۆ زانکۆی سلێمانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا بۆ دەرخستنی ڕاستی و دروستی ئەو تۆمارە دەنگییانە و دواتریش راپۆرتی خۆیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرزکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.