پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بۆ پایتەخت : دژی یەکێتین لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید نابین
هۆشداری گەیشت
ماوەی چەندین مانگە نەوەی نوێ و یەکێتی بەنیازی واژۆکردنی رێککەوتنی نێوانیانن، کەچی تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە واژۆ نەکراوە و چارەنووسی کەوتووەتە مەترسی.
ئەمڕۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، رێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتییە و دواتر واژۆ کردنی.
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەبارەی رێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئێمەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەولێر و دهۆک، دژی ئەم رێککەوتنەین و ئامادەنین لە ناو نەوەی نوێ بمێنینەوە ئەگەر رێککەوتنەکەی واژۆ بکرێت، بۆ ئەمەش سەرکردایەتی جوڵانەوەکەمان ئاگادار کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، چەندین پەرلەمانتار و سیاسیی و ئەندامانی نەوەی نوێ، لە دژی ئەم رێککەوتنەکەی نەوەی نوێ و یەکێتین، هەر ئەمەش وایکردووە واژۆکردنی رێککەوتنەکە دوا بکەوێت، تەنانەی ئەو پەرلەمانتارانە بە شاسوار عەبدولواحیدیان گوتووە؛ “ئەمڕۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی واژۆ بکەی، بەیانی ئێمە نابینیتەوە.”
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو یەکێتی ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی، ترسیان لەم رێککەوتنەی یەکێتی و نەوەی نوێ هەیە، چونکە دڵنیانین لەوەی تەواوی پەرلەمانتارانی جوڵانەوەکە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەمێننەوە یان نا، بۆ ئەمەش داوای دڵنیاییان لە شاسوار عەبدولواحید کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتی بە کورسییەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێشەوە نەیتوانیوە ژمارەی کورسییەکانی لەگەڵ پارتی یەکسان بکاتەوە، ئێستا ترس لەوەی هەیە نەوەی نوێش بە وازهێنانی پەرلەمانتارانی کورسییەکانی کەم بکات و خەونی گەیشتنەوە بە پارتی ببێتە تەنها خەیاڵێک.
ئەو سەرچاوەی لە ناو نەوەی نوێ بۆ پایتەخت قسەی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە شاسوار عەبدولواحید، لە کۆبوونەوە گشتی و تەنها لەگەڵ تەواوی پەرلەمانتاران قسەی کردووە، هەوڵی تەواوی خۆیداوە تاوەکو بڕوا بە پەرلە مانتارەکان بهێنێت لەگەڵ رێککەوتنەکە بن، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
دوێنێ هیمداد شاهین، گوتەبێژی نەوەی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نەوەی نوێ گۆمەکە دەشڵەقێنێت، کەچی پێش ئەوەی گۆمەکە شەپۆل بکات، وشکی کرد و خەونی نەوەی نوێ و یەکێتی، خەریکە بە بادا دەچێت.