تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12
زیاتر لە 117 هەزار قوتابی لە 2003 هۆڵ تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن
تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی زیاتر لە 117 هەزار قوتابی لە سەرجەم لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستیپێکرد، تاوەکو 8ـی تەممووز بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026 یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. تاقیکردنەوەکان لە کاتژمێر حەوت و نیوی بەیانیدا بەڕێوەدەچن و هەفتانە دوو تاقیکردنەوە لە ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممەدا ئەنجام دەدرێن، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئەگەر هەر ڕۆژێکی تاقیکردنەوە بکەوێتە ڕۆژێکی پشوویەکی فەرمی، ئەوا تاقیکردنەوەکە بۆ کاتێکی تر دوادەکەوێت و پرۆسەکە بە هەمان ڕیزبەندی پێشوو بەردەوامیی دەبێت.
لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافیی قوتابییانەوە، کۆی گشتیی بەشداربووان دەگاتە 117 هەزار و 142 قوتابی کە پارێزگای هەولێر بە کۆی 38 هەزار و 63 قوتابی زۆرترین ڕێژە لەخۆدەگرێت کە پێکهاتوون لە 29 هەزار و 767 لە بەشی زانستی، 7 هەزار و 657 لە وێژەیی و 639 لە پیشەیی. دوای ئەو پارێزگای دهۆک دێت بە کۆی 27 هەزار و 266 قوتابی کە 19 هەزار و 309ـیان زانستی، 7 هەزار و 548ـیان وێژەیی و 409ـیان پیشەیین.
پاشان پارێزگای سلێمانی بە 26 هەزار و 563 قوتابی هاوشێوە دابەشبوون بەسەر 20 هەزار و 411 زانستی، 5 هەزار و 27 وێژەیی و 1125 پیشەیی. هەروەها ئیدارەی زاخۆ بە 6 هەزار و 918 قوتابی کە دابەشبوون بەسەر 4 هەزار و 593 زانستی، 2 هەزار و 316 وێژەیی و 9 پیشەیی، لەگەڵ ئیدارەی سۆران بە کۆی 6 هەزار و 398 قوتابی کە پێکدێن لە 4 هەزار و 772 زانستی و 1626 وێژەیی بەشداری دەکەن.
هاوکات لە ئیدارەی گەرمیان 5 هەزار و 356 قوتابی لەخۆدەگرێت کە 4 هەزار و 100ـیان زانستی، 920ـیان وێژەیی و 336ـیان پیشەیین، ئیدارەی ڕاپەڕینیش بە کۆی 4 هەزار و 988 قوتابی بەشدارە کە 3 هەزار و 964ـیان زانستی، هەزار و 2ـیان وێژەیی و 22ـیان پیشەیین، لەکاتێکدا پارێزگای هەڵەبجە کەمترین ڕێژەی بەشداربووانی هەیە بە کۆی هەزار و 590 قوتابی کە هەزار و 200ـیان زانستی، 335ـیان وێژەیی و 55ـیان پیشەیین.
بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسە بەرفراوانە، کە دوو هەزار و سێ هۆڵی تاقیکردنەوەی بۆ دابینکراوە، وەزارەتی پەروەردە ستافێکی چاودێری و کارگێڕی هۆڵەکانی ڕاسپاردووە کە ژمارەیان دەگاتە 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر، ئەم ستافەش دابەشبوون بەسەر 12 هەزار و 18 چاودێر، دوو هەزار و 3 بەڕێوەبەری هۆڵ، دوو هەزار و 3 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، هەزار و 376 سەرپەرشتیار و دوو هەزار و 3 فەرمانبەری خزمەتگوزار کە ئەرکی پاراستنی ڕێوڕەسمی تاقیکردنەوەکانیان لە ئەستۆدایە.
هاوکات لە پێناو ڕێگری لە گزیکردن، پاراستنی نهێنیی پرسیارەکان، ڕێکاری یاسایی و توندی ئەمنی گیراونەتەبەر، بەجۆرێک بردنی مۆبایل و هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو هۆڵەکان هەم بۆ قوتابییان و هەم بۆ ستافی بەڕێوەبەریش بە تەواوی قەدەغەکراوە، بە جۆرێک دۆزینەوەی هەر ئامێرێکی زیرەک لای قوتابی بە ئەنجامدانی گزی هەژمار دەکرێت. سەرڕای ئەوەش، بڵاوکردنەوەی وێنەی پرسیارەکان یان وەڵامەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن مامۆستایان و سەرپەرشتیارانەوە قەدەغەیە و تەنیا لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان مافی فەرمی بڵاوکردنەوەی پرسیارەکان و وەڵامە نموونەییەکانی هەیە بۆ هێشتنەوەی دادپەروەری و شەفافییەت لە پرۆسەکەدا.