مۆرینیۆ بووە ڕاهێنەری ریال مەدرید
خۆزێ مۆرینیۆ بە فەرمی گەڕایەوە یانەی ریال مەدرید
سپێشەڵ وەن گەڕایەوە؛ مۆرینیۆ بۆ ماوەی 3 ساڵ دەبێتە ڕزگارکەری سانتیاگۆ بێرنابیۆ
یانەی ریال مەدرید بە فەرمی گەڕانەوەی خۆزێ مۆرینیۆی بۆ پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکە ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە هونەرییەی کە دوو وەرزی بێ نازناو یەخەی یانەکەی گرتبوو، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوە فەرمییەکە، مۆرینیۆ گرێبەستێکی بۆ ماوەی 3 وەرزی داهاتوو واژۆ کردووە.
ئەم بڕیارە دوای سەرکەوتنی فلۆرێنتینۆ پێرێز دێت لە هەڵبژاردنەکانی 7ی ئەم مانگەدا، کە تێیدا گەڕانەوەی مۆرینیۆی وەک بەڵێنێکی گەورە و ئالەنگارییەک بەرامبەر ڕکابەرەکانی خستبووەڕوو، پێرێز دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە، جەختی لە گرنگی ئەم هەنگاوە کردەوە و ڕایگەیاند، هاتنەوەی مۆرینیۆ بە واتای گەڕانەوەی ڕۆحیەتی کێبڕکێکارییە بۆ یانە شاهانەکە.
مۆرینیۆ کە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 سەردەمێکی پڕ لە ململانێ و ناسنامەی تایبەتی بۆ مەدرید دروست کردبوو، ئێستا ئەرکی نوێکردنەوەی ورەی یانەکەی پێ سپێردراوە، ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە مێرێنگی لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای گۆڕینی چەندین ڕاهێنەر، نەیتوانیوە هیچ ناسناوێک بەدەستبهێنێت و لە ئێستادا هاندەران چاوەڕێی شۆڕشێکی نوێ لە "سپێشەڵ وەن" دەکەن.