ئەمریکا چی لە پارە سڕکراوەکانی ئێران دەکات؟
ئەمریکا بەم هەنگاوەی ئێران تووشی شۆک دەکات و هەوڵەکانی دانوستان بنبەست دەکات.
لە کاتێکدا ئێران داوای ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوکەی دەکات، ئەمریکا پارەکە بۆ ئامانجێکی دیکە بەکار دەهێنێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای کرد، حکومەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات ئاڕاستی سەرمایە و پارە سڕکراوەکەی ئێران بگۆڕێت و بۆ وڵاتانی کەنداو بەکاریبهێنێت، تا قەرەبووی زیانەکان بکەنەوە و ئەو شوێنانە بنیات بنێنەوە، کە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران زیانیان بەرکەوتووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا تیمێکی پێکهێناوە تا زیانەکانی وڵاتانی کەنداو بخەملێنن و پارە سڕکراوەکانی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەیان و هەر زیانێک لە داهاتوو ڕووبدات، بەکار بهێنێت.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوەی هات، موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکارێکی ڕێبەری باڵای ئێران بە کەناڵی 'سی ئێن ئێن'ـی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێرانەوە پەیوەستە. ئاژانسی تەسنیم ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە راپۆرتێکدا نووسی: "بەپێی دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، کە لە 14 ماددە پێکهاتووە، دەبێت پارە سڕکراوەکانی ئێران لە کاتی دانوستاندنەکاندا ئازاد بکرێن کە بڕەکەی بە 24 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. ئێران جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت نیوەی ئەم بڕە لەگەڵ ڕاگەیاندنی یاداشتنامەکە بەردەست بێت و نیوەکەی تری لە ماوەی 60 رۆژدا بگوازرێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە دوای هێرشێکی مووشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر کوێت و بەحرەین، فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە بەئامانجگرتنی وێستگەیەکی کۆنترۆڵکراوی زەمینی سەربازی ئێران لە دوورگەی 'قشم'ـی گەرووی هورمز وەڵامیان دایەوە.
دوای هێرشەکانی ئێران، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوێت ڕایگەیاند، ئێران بە درۆن باڵەخانەی گەشتیارانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی وڵاتەکەی کردووەتەوە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا دەیانی دیکەش برینداربوون، زیانی ماددی گەورەش بە فرۆکەخانەکە گەیشت.