توێژینەوەیەکی زانستی تەندروستترین کاتی خواردنی ژەمی ئێوارە دیاریدەکات
کاتی نانخواردن و جۆری خۆراک پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بە تەندروستیی دڵ و مێشکەوە هەیە
کاتی نانخواردن و جۆری خۆراک، دوو هۆکاری سەرەکین و پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بە تەندروستیی دڵ و مێشکەوە هەیە. ئەمەش لە نوێترین توێژینەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی نۆرس وێسترندا هاتووە، کە ڕێکخستنی کاتی ژەمەکان لەگەڵ کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستەدا، بەتایبەتی کاتی خواردنی ژەمی ئێواران، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی دڵ، کوالێتیی خەو و فەرمانەکانی مێشک هەیە.
لەلایەن خۆیەوە، د. فیلیس زی، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە و پسپۆڕی پزیشکیی خەو لە زانکۆی نۆرس وێسترن، ئاماژەی بەوەکردووە؛ بابەتەکە تەنها پەیوەندی بەوەوە نییە چی دەخۆین، بەڵکو کاتی نانخواردن و کاتی خەوتنیش، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی جەستە سوود لە خۆراکەکە وەربگرێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، نەخواردنی ژەمی خۆراک بە لایەنی کەمەوە سێ کاتژمێر پێش خەوتن، کاریگەری ئەرێنی لەسەر جەستەی مرۆڤ و لایەنی دەروونیش دەبێتم بەشێوەیەک ئەگەر کەسێک کاتژمێر ١١ی شەو بخەوێت، دەتوانێت تا کاتژمێر ٨ی شەو، ژەمی ئێوارە بخوات.
هاوکات توێژینەوەکە هۆشداری دەدات کە نانخواردن لە کاتێکی نزیک لە خەوتن دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە و کزانەوەی کۆئەندامی هەرەس. هەروەها جەستە لە دۆخی چالاکدا دەهێڵێتەوە، کە ئەمەش ڕێگر دەبێت لە خەوێکی قوڵ و دەبێتە هۆی تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستە.
توێژینەوەکە لەسەر ٣٩ بەشداربوو ئەنجامدراوە کە تەمەنیان لە نێوان ٣٦ بۆ ٧٥ ساڵدا بووە و زۆربەیان ژن بوون و بەسەر دوو گرووپدا دابەشکراون. دەرئەنجامی توێژینەوەکە ئەوەی دەرخستووە، ئەو بەشداربووانەی سێ کاتژمێر کەمتر پێش خەوتن نانیان خواردووە، کێشیان زیاد بووە، نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکان دڵ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری خوێنیان تێدا بەدیکراوە.